هێز بە کورسی ناپێورێت

‌هیوا جەمال

لە هەرێمی کوردستاندا، وەک بەشێکی دانەبڕاو لە پەیکەرەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هاوکێشەی بڕیاردانی سیاسی و ئاراستەکردنی دەسەڵات لەسەر بنەمای دامەزراوەیی سەردەمیانە یان سەنگ و قورسایی ژمارەکان بونیاد نەنراوە، بەڵکو کەسیێتیی یەکەمی هێزەکان گەورەترین و کاریگەرترین رۆڵ لە ئاراستەکردنی بڕیارەکاندا دەگێڕێت.

زۆرجار سۆنگە، کاریگەری و قورسیی حیزبێک یان تەنانەت دامەزراوەیەکی فەرمی، بەڕادەی دەسەڵات و هەڵوێستی کەسی یەکەمی دەپێورێت. لە خوار ئەو کەسیێتییەشەوە، حیزب و دامەزراوەکان وەک ئامرازی جێبەجێکار کاریگەریی گەورە لەسەر کۆی پرۆسەکە دادەنێن، نەک سەنگی سەربەخۆ یان رێژە و ژمارە. بە واتایەکی روونتر، لێرە کاریگەریی واقعی بە ژمارەی کورسی و دەنگ ناپێورێت.

بێگومان، ئەم شێوازە لە تێگەیشتن و مامەڵەی سیاسی هەرگیز بە دڵی من نییە و لەگەڵ روانگەی فکریی مندا ناگونجێت. چونکە لە پرەنسیپەکانی حوکمڕانیی دروست و هاوچەرخدا، باشتر و دروستتر ئەوەیە کە بەرنامەی کار، کارنامەی گەشەپێدان و گۆشەنیگای ستراتیژی بخرێنە پێش پارت و کەسایەتییەکانەوە. رەوا نییە چارەنووسی دەوڵەتداری ببەسترێتەوە بە ئیرادەی کەسییەوە، بەڵکو دەبێت دامەزراوەکان نەخشەڕێگا دیاری بکەن. بەڵام سەرەڕای تێبینی و رەخنە، ئەمە واقیعێکی بەرچاو و حاشاهەڵنەگری گۆڕەپانەکەیە؛ واقیعێکە کە ناكرێت چاوی لێ دابخرێت، بەڵکو دەبێت بە ووردی بخوێندرێتەوە و ڕرچاو بکرێت.

لەم سۆنگەیەوە، ئەوەی لە دانیشتنی پەرلەماندا روویداوە، گەوهەرەکەی پەیوەندیی بە سەنگی ژمارەکانەوە نییە. ژمارە لە سیستەمی سیاسیی ئێمەدا تەنها ئامرازێکی چوارچێوەبەندییە. بە واتایەکی دیکە، ژمارەکان تەنها بۆ ئەوەن کە کاروبارە رێکارەیییەکان بە شێوەیەکی یاسایی رێکبخەن، بۆ نموونە تەواوکردنی رێژەی یاسایی (نیساب) بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکان. بەڵام بڕیاری بنەڕەتی و یەکلاکەرەوە، لە دەرەوەی هۆڵی پەرلەمان و لە نێوان چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی کەسێتییە دەسەڵاتدارەکاندا دادەڕێژرێت.

هەردوو پارتی دەسەڵاتدار و زۆرینەی هەرێمی کوردستان، کە بەرهەمی ئەم مێژووە سیاسییەن، خۆیان بارها و لە زۆر قۆناغی جیاوازدا ئەم راستییەیان دووپات کردووەتەوە کە بە بێ یەکدی ناتوانن فەرمانڕەوایی و حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان بکەن. ئەمە دانپێدانانێکی رۆشنە بە سەنگی یەکتردا. لەبەر ئەوە، ئەم دوو هێزە فەرمانڕەوایە هەرچەندە لە یەکتر دووربکەونەوە و ناکۆکی لە نێوانیاندا قووڵ ببێتەوە، لە کۆتاییدا هیچ بژاردەیەکی ژیرانەی تریان لەبەردەمدا نامێنێتەوە جگە لەوەی بە ناچاری یان بە ویست بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستاندن و گەیشتن بە رێکەوتنی سیاسی.

بێگومان ئەوەش دیوێکی خراپ و نەرێنیی ئەم واقیعەیە کە هیچ کام لەم دوو پارتە دەسەڵاتدارە ئامادەییی ئەوەیان تێدا نییە رازی ببن رۆڵی ئۆپۆزسیۆن ببینن. سەرەڕای ئەوەش، تەنانەت ئەگەر ئیرادەیەکی لەو شێوەیەش هەبێت، بەم دۆخەی تاوەکو ئێستا لە کوردستان هەیە، بە کردەیی هەر ناتوانن ببنە ئۆپۆزسیۆن. هۆکاری ئەمەش روونە: حزبایەتی بە درێژایی دەیان ساڵ رۆچۆتە نێو هەموو جومگەکانی حوکمڕانی و کارگێڕییەوە. زیاتر لە ٣٥ ساڵە حیزب و حکومەتیان تێکەڵ کردووە و سنوورە کارگێڕی و سیاسییەکانیان لەناو یەکتردا تواوەتەوە. سەرباری ئەوە، دەستکاری کردنی ئەم پەیکەرە و جیاکردنەوەی حیزب لە حکومەت پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و ئاسان نییە بەم زووانە بە ئەنجام بگەیەنرێت.

ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی ٦٠ ساڵی رابردووی هەردوو پارتەکە بدەینەوە، دەبینین لەم ماوە درێژەدا هەموو جۆرەکانی دژیەکی، رووبەڕووبوونەوە، لێکدوورکەوتنەوە، رۆشتن و دواتریش گەڕانەوەیان بۆ سەر مێزی گفتوگۆ تاقیکردووەتەوە. ئەنجامی ئەو ئەزموونە درێژەی مێژوو بە روونی پێمان دەڵێت کە ئارامترین، سەقامگیرترین و پڕ دەستکەوتترین قۆناغەکان بۆ کۆمەڵگە و قەوارەی هەرێم، تەنها ئەو قۆناغانە بوون کە تێیاندا ئەم دوو هێزە پێکەوە کاریان کردووە و گەیشتوونەتە هاوسەنگی و ڕێکەوتن.

لەم ساتەدا، هەلێکی زۆر باش و زێڕین بۆ هەردووکیان رەخساوە کە بە زووترین کات پێکەوە کۆببنەوە و کێشەکان یەکلا بکەنەوە. بە لەبەرچاوگرتنی هاوکێشەکان، باشتر وا دەبینرێت پارتی دیموکراتی کوردستان دەستپێشخەریی ببکات و هەنگاو بنێت بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. ئەم دۆخە و ئامادەکارییە بۆ یەکێتیش زۆر باشە، چونکە ئێستا لەژێر گوشاری بەپەلەی کاراکردنەوەی پەرلەماندا نەماوە و دەتوانێت بە هێمنییەوە دانوستاندن بکات. لە بەرامبەردا، پارتیش لە سەنگێکی وەهادایە کە دەتوانێت نەرمیی زیاتر بنوێنێت، چونکە نەرمیی سیاسی لە پێناو پاراستنی ئارامی و رێکەوتندا، نیشانەی هێز و دانایی سیاسییە.


PM:10:56:04/11/2026

ئه‌م بابه‌ته 80 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی