بەکارهێنانی ڤاکسینی جۆنسن ئاند جۆنسن ڕاگیرا

‌ڤاکسینی جۆنسن ئاند جۆنسن

وێستگە نیوز-

سەنتەری ئەمریکی بۆ کۆنترۆڵکردن و رێگریکردن لە نەخۆشییەکان و ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا، بەکارهێنانی ڤاکسینی جۆنسن ئاند جۆنسن ڕاگرت، کە 27ی شوباتی ئەمساڵ پەسندکرا؛ ئەمەش بەهۆی شەش حاڵەتی خوێن مەیین.

 
هەرچەندە ئەو شەش حاڵەتەی خوێن مەیین کە سەنتەرە تەندروستییەکانی ئەمریکا بە دەگمەن ناوی دەبەن، لەنێو 6.8 ملیۆن کەس روویانداوە، بەڵام دکتۆر کارلۆس دێل ریۆ، یاریدەدەری کۆلێژ لە زانکۆی ئیمۆری دەڵێت "پیرۆزبایی لە هەردوو سەنتەری ئەمریکی بۆ کۆنترۆڵکردن و رێگریکردن لە نەخۆشییەکان دەکەم کە زۆر بە خێرایی بە کەیسەکانیان زانیوە".
 
ئەو کەسانەی خوێنیان مەییوە، سەرجەمیان ئافرەت بوون و تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 48 ساڵ بوو، نیشانەی خوێن مەیینیش لە رۆژی شەشەم تاوەکو 13 رۆژ دوای وەرگرتنی ڤاکسینەکە روویداوە.
 
پێشتر، هەردوو سەنتەرە پزیشکییەکەی ئەمریکا راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردووەتەوە، داوا لە ئیدارەی بایدن کرد ڤاکسینی جۆنسن ئاند جۆنسن رابگیرێت، بڕیارە رۆژی چوارشەممەش کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری ئەنجامبدرێت بۆئەوەی بەدواداچوون بۆ ئەو کەیسانە بکرێت و زیاتر لە هۆکاری خوێن مەیینەکان دڵنیاببنەوە.
 
سەبارەت بە پرسیاری ئەوەی بۆچی لە قۆناخەکانی پەسندکردنی ڤاکسین هەست بەو خوێن مەیینە نەکراوە، د. کارلۆس وەڵامدەداتەوە و دەڵێت "ئێمە باس لە رووداوێکی دەگمەن دەکەین، باس لە خوێن مەیینی یەک کەس لەنێو یەک ملیۆن کەس دەکەین".
 
لەنێو بەکاربەرانی ڤاکسینی ئاسترازێنیکاش کە لەلایەن 70 وڵاتەوە پەسندکراوە، خوێن مەیین تۆمارکراوە، بەڵام ئاژانسی دەرمانی ئەوروپا پێشنیاز دەکات ئەو خوێن مەیینە تەنیا لە لیستی زیانە لاوەکییەکانی دەرمانەکە هەژماربکرێت و دابەشکردنی ڤاکسینەکە بەردەوامبێت.
 


PM:10:24:13/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 2316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت