دوو پەرلەمانتار: ئاماژەی مەترسیدارە سەرۆكی حكومەت بەرگری لە كەسانێك دەكات لە پشتی ھێرشكردنە سەر غالب محەمەدە


وێستگە نیوز-
دوو پەرلەمانتاری كوردستان رایدەگەیەنن، ئاماژەی مەترسیدارە سەرۆكی حكومەت بەرگری لە كەسانێك دەكات لە پشتی ھێرشكردنە سەر غالب محەمەدە و دەڵێت، بە لێكدانەوەی قسەكانی ھاوسەرۆكی یەكێتی و ئازادبوونی ئەو سێ كەسە، واتە: پارتی چی بوێت لە سلێمانی دەیكات و ئەمانیش ھیچ دەسەڵاتیان نیە!!".

عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان و ئەبوبەكر ھەڵەدنی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان رایانگەیاندووە، سێ ئەفسەر بەتۆمەتی ھێرشكردنە سەر پەرلەمانتار غالب محەمەد دەستگیركران، لاھور شێخ جەنگی، ھاوسەرۆكی یەكێتی ھەموو حكومەت و بەتایبەت سەرۆكی حكومەت تۆمەتبار دەكات بەوەی فشاریان كردوە بۆ ئازادبوونیان!.

ئەو دوو پەرلەمانتارە دەڵێن "ئەم قسانە ئاماژەیەكی مەترسیدارە، واتە: سەرۆكی حكومەت بەرگری لە كەسانێك دەكات لە پشتی ھێرشكردنە سەر غالب محەمەدە!!، سەرۆكی حكومەت بۆ پێداگیرە لە ئازادكردنی ئەم سێ كەسە!! لاھور شێخ جەنگی، پێماندەڵێ: لە ژێر فشاری سەرۆكی حكومەتدا ئەم سێ ئەفسەرە بەردراون!!! ئەی ڕۆڵی ئێوە چیە؟ بە لێكدانەوەی قسەكانی ھاوسەرۆكی یەكێتی و ئازادبوونی ئەو سێ كەسە.. واتە: پارتی چی بوێت لە سلێمانی دەیكات و ئەمانیش ھیچ دەسەڵاتیان نیە!!".

عەلی حەمەساڵح و ئەبوبەكر هەڵەدنی روونیان كردۆتەوە "وتەبێژی حكومەتیش بەناوی ھەموو لایەنە پێكھێنەرەكانی حكومەتەوە بەیانێكی دەركردوە.. كەیسی ھەردوو كۆچكردوو ئامانج بابانی و لانە خان و منداڵەكانی بە تیرۆر ناوبردوە! دەتانزانی تیرۆرە بۆچی تاوەكو ئێستا لێی بێدەنگ بوون!!! چی بە كەسوكاریانو ھاوڵاتیانی كوردستان دەڵێن! لە كوێی دونیا ھەبوە حكومەت بەرامبەر تیرۆری ھاوڵاتیانی خۆی بێدەنگ بێت!!".

هەروەها ئاماژەیان بەوەكردووە "دەستگیر نەكردنی تاوانباری ھێرشكردنە سەر غالب محەمەدو پەیامی ھاوسەرۆك و وتەبێژی حكومەت ئاماژەی مەترسیداری تێدایە، ژیانی كەس لەكوردستان پارێزراو نییە و حوكمڕانی لە قۆناغێكی مەترسیداردایە، تائێستاش ئەم دوو ھێزە بێدەنگ بون لە تاوانی یەكتر!! ئەم بێمتمانەی دروستكردنە لە ھەموو شت مەترسیدارترە!!".

لەكۆتاییدا دەڵێن  "دەبێت دەزگای ئەمنی لە سلێمانی ڕونكردنەوە بدات لەسەر بكەری راستەقینەی پشت ھێرشكردنە سەر غالب محەمەدو ئازادبوونی ئەو سێ كەسە، ھیوامان وایە، ھێزو لایەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی ھەڵوێستی جدیان ھەبێت". 


PM:09:41:03/03/2021


ئه‌م بابه‌ته 5220 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت