ئەردۆغان کارنامەی تایبەت بە مافی مرۆڤ راده‌گه‌یه‌نێت


وێستگه‌ نیوز-
سەرۆککۆماری تورکیا لە رێوڕەسمێکدا، کە بە ئامادەبوونی سەرۆکی گشتیی پارتە سیاسییەکان بەڕێوەدەچێت، کارنامەی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە تورکیا رادەگەیێنێت. 
 
ئەو کارنامەیە لەلایەن وەزارتی دادی تورکیا بە دروشمی "تاکی ئازاد، کۆمەڵگەی بەهێز و تورکیایەکی دیموکراتتر" ئامادەکراوە و ئەمڕۆ سێشەممە 2ی ئاداری 2021 لە رێوڕەسمێکدا لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان, سەرۆککۆماری تورکیا بە فەرمی رادەگەیێنرێت. 
 
رێوڕەسمەکە کاتژمێر 13:30 خولەک لە ناوەندی کولتوور و کۆنگرەی گەل لە کۆشکی کۆماری بێشتەپە لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت. سەرۆکی گشتیی پارتە سیاسییەکانی تورکیا بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکە بانگهێشتکراون.   
 
بێجگە لە سەرۆکی پارتە سیاسییەکان، مستەفا شەنتۆپ، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، نوێنەرانی گرووپە ئاینییە ناموسوڵمانەکان، باڵیۆزی وڵاتان، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەوروپا، کۆنسەی ئەوروپا، دادگای مافی مرۆڤی ئەور‌وپا، هەروەها سەرۆکی رێکخراوە مەدەنییەکان، سەرۆکی زانکۆ و راگری کۆلێژەکان، ئەکادیمیست، یاساناس و رۆژنامەڤانان بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا دەکەن. 
 
بەپێى ئاژانسی فەرمی تورکیا ئەو کارنامەیە کە لەچوارچێوەی ئامادەکارییەکانی 100 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیا دارێژراوە، دەبێتە بەڵگەنامەی سیاسەتی سەرەکی تورکیا، ئامانجی سەرەکی ئەو کارنامەیە ئامادەکردنی دەستوورێکی نوێ و سڤیلە بۆ تورکیا. لەو چوارچێوەیەدا رۆژی 2ی ئادار بە سەرەتای کارکردن بۆ دەستووری نوێی تورکیا خوێندنەوەی بۆ دەکرێ. 
 
کارنامەی تایبەت بە مافی مرۆڤ، بە پشتبەستن بە ستراتیژی ریفۆرمی داد کە لە ساڵی 2019 لەلایەن سەرۆککۆماری تورکیا راگەیێنرا، هەروەها بە بنەماگرتنی 11یەمین پلانی گەشەپێدان، ئامادەکراوە. 
 
کارنامەکە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ستاندارتەکانی مافی مرۆڤ 9 ئامانج و 11 پەرەنسیپی سەرەکی لەخۆ گرتووە. 
 
11 پەرەنسیپە سەرەکییەکانی کارنامەکە بریتین لە:
 
یەکەم: مرۆڤ لە رۆژی لەدایکبوونییەوە بەو مافانەوە دەژی کە دەستلێبەرنەدراون. ئامانج و ئەرکی سەرەکیی دەوڵەت پاراستن و پێشخستنی ئەو مافانەیە.
 
دووەم: شەرەفی مرۆڤ وەک گەوهەری سەرجەم مافەکانی لەلایەن یاساوە پارێزراوە.
 
سێیەم: مرۆڤەکان بەبێ جیاوازیی زمان، نەژاد، رەنگ، بۆچوونی سیاسی، ئایین و مەزهەب لە بەردەم یاسا یەکسانن. 
 
چوارەم: پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری کەرتی گشتی بۆ هەموو کەسێک بەیەکسانی، بێلایەن و راستگۆیانە، تایبەتمەندی سەرەکی سەرجەم چالاکییەکانی بەڕێوەبردنن.
 
پێنجەم: یاساکان بە جۆرێک روونن کە رێگە بە دوو دڵی نادەن، ئاشکران و کراوەن بۆ تێگەیشتن، دەسەڵاتەکانی کەرتی گشتیی بەبێ سازشکردن لەسەر پرەنسیپەکانی ئاسایشی یاسا ئەم بنەمایانە جێبەجێ دەکەن.  
 
شەشەم: بەهیچ شێوەیەک دەستکاری ئازادیی پەیماننامە، بنەماکانی ئاسایشی یاسا و پاراستنی مافە دەستکەوتووەکان ناکرێت. 
 
حەوتەم: دەوڵەت، لە چوارچێوەی بنەماکانی دەوڵەتی کۆمەڵایەتی و بە پشتبەستن بە یاساکانی رکابەریی بازاڕی ئازاد ، دەستپێشخەری و ئازادی کارکردن دەپارێزێ و پێشیان دەخات. 
 
هەشتەم: ئەدای کارگێڕی و دادوەری، پێشبینەکانی بێ تاوانی، پاراستنی پرەنسیپ و مافی لەکەدارنەکردن و بەرپرسیارێتی سزادانی کەسی رەچاو دەکەن و وەک بنەمایەکی سەرەکی کارکردنیان بەهێزی دەکەن.    
 
نۆیەم: هیچ کەسێک بەهۆی رەخنەگرتن و رادەربڕینەوە، لە ئازادی بێبەش ناکرێت. 
 
دەیەم: دەوڵەتی یاسا کە بە دەسەڵاتی سەربەخۆ و بێلایەنی داد پارێزراوە، لە سەرجەم بوارەکاندا وەک گارانتیکەری دادپەروەری، ماف و ئازادییەکان سەروەر دەبێت. 
 
یانزەیەم: هەر کەسێک بانگەشەی پێشێلکردنی مافەکانی بکات، دەبێت بەبێ هیچ زۆر و زەحمەتییەک دەستی بگاتە رێگا کاریگەرەکانی یاسا. گەیشتن بە دادپەروەری، ماف و ئازادییەکان چەقی رێزگرتنە.  
 
9 ئامانجە سەرەکییەکانی کارنامەکەش بەریتین لە:
 
یەکەم: سیستەمێکی بەهێزتری پاراستنی مافی مرۆڤ
 
دووەم: بەهێزکردنی مافی دادگاییکردنی یەکسان و سەربەخۆیی و داد
 
سێیەم: توانای پێشبینیکردن و شەفافییەتی یاسایی
 
چوارەم: پاراستن و پێشخستنی ئازادی ئاینی، رێکخستن و دەربڕین 
 
پێنجەم: بەهێزکردنی ئاسایش و ئازادی تاکەکەسی
 
شەشەم: پاراستنی ژیانی تایبەت و بەها ماددی و مەعنەوییەکانی تاک
 
حەوتەم: پاراستنی مافی موڵکدارێتی بەشێوەیەکی کاریگەرتر
 
هەشتەم: پاراستنی توێژە لاوازەکان و بەهێزکردنی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی 
 
نۆیەم: هۆشمەندی کارگێڕی و کۆمەڵایەتی لە ئاستێکدا باڵا لە بابەتی مافی مرۆڤدا. 
 
ئەمه‌ لەکاتێکدایە، 170 ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا بە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەکان لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا نامەیەک بۆ وەزیری دەرەوە دەنێرن، داوا لە ئیدارەی بایدن دەکەن رێوشوێنی تووند لە دژی ئەنقەرە بگرێتەبەر.

لە نامەکەیاندا ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەڵێن، تورکیا هاوپەیمانێکی گرنگی ناتۆ و ئەمریکایە، "بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ئەو پەیوەندییە باشەی شێواندووە".

ئەندامانی کۆنگرێس رەخنە لە سیستمی دادوەری تورکیا دەگرن، دەڵێن، ئەردۆغان و پارتەکەی سیستمی دادوەری وڵاتەکەیان لاوازکردووە، کەسانی نزیک لە خۆیان لە پۆستە گرنگەکان لە دەزگا سەربازی و هەواڵگرییەکان دامەزراندووە، رەخنەگر، رۆژنامەنووس و ئەندامی گرووپ و پارتە کەمینەکان لەگەڵ سیاسەتڤان لە پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەستگیر دەکەن.

ئەندامانی کۆنگرێس لە نامەکەدا دەڵێن "پرسە ستراتیژییەکان لە پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا سەرنجی گەورەیان لەسەرە، بەڵام پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و پرۆسەی دیموکراسی لە تورکیا نیگەرانی گەورەن."


PM:02:14:02/03/2021


ئه‌م بابه‌ته 2784 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت