بەرپرسانی ئەمریکا و حەشد: هێرشەکەی سەر کۆشکی شاهانەی سعودیە لە عێراقەوە ئەنجامدراوە


وێستگه‌ نیوز-
بەرپرسانی ئەمریکا و حەشدی شەعبی زانیاری لەبارەی ئەو هێرشە رادەگەیێنن کە مانگی رابردوو کرایەسەر کۆشکی شاهانەی سعودیە لە ریاز و دەڵێن، هێرشەکە لە عێراقەوە ئەنجامدراوە.
 
بەرپرسێکی حەشدی شەعبی بە ئاژانسی هەواڵیی ئەسۆشیەیتد پرێسی راگەیاندووه‌، رۆژی 23ی کانوونی دووەم، گرووپێکی چەکداریی نەناسراو کە ئێران پاڵپشتیی دەکات، سێ درۆنی لە سنووری عێراق و سعودیەوە بە ئاراستەی سعودیە نارد و هەرسێ درۆنەکەش لە ریاز بەر کۆشکی شاهانەی سعودیە کەوتن.
 
لە ساڵی 2015ەوە سعودیە بە سەرۆکایەتیی هاوپەیمانیی عەرەبی لە شەڕی یەمەندا بەشدارە و لەو کاتەوەش چەندجارێک هێرشی کراوەتەسەر کە زۆربەیان لەڕێگەی درۆنەوە بوون. سەرەتای ئەم مانگە، حوسییەکان بە بەکارهێنانی درۆن هێرشیان کردەسەر فڕۆکەخانەیەکی باشووری رۆژئاوای سعودیە و بەو هۆیەوە فڕۆکەیەکی مەدەنی گڕیگرت، بەڵام حوسییەکان رەتیدەکەنەوە، ئەنجامدەری ئەو هێرشە بووبن کە رۆژی 23ی مانگی رابردوو کرایەسەر کۆشکی یەمامە لە ریاز.
 
لێدوانی بەرپرسەکەی حەشدی شەعبی یەکەمین لێدوانە روونیدەکاتەوە، هێرشەکە لە عێراقەوە بۆسەر سعودیە ئەنجامدرابێت و ئەوەش دەردەخات، گرووپە چەکدارەکانی ناو عێراق کێشەیەکی جیددییان بۆ حکومەت دروستکردووە.
 
بەرپرسەکەی حەشدی شەعبی ئامادەنەبوو ناوی خۆی ئاشکرا بکات، بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە "پارچەی درۆنەکان لە ئێرانەوە هێندران و لە عێراق بەستران و دواتریش هەر لەناو عێراقەوە بە ئاراستەی سعودیە هەڵدران". ئەو بەرپرسە زانیاریی زیاتری لەبارەی شێوازی ئەنجامدانی هێرشەکە رانەگەیاند.
 
لە سەرەتای ساڵی 2020دا ئەمریکا قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبیی کوشت. یەکێک لە ئەنجامەکانی دوای ئەو هێرشە، پەرشوبڵاوبوونی گرووپە چەکدارەکانی ناو حەشد بووە. ژمارەیەک لە شرۆڤەکارانی واشنتن دەڵێن، ئەو پەرشوبڵاوبوونەوە بە مەبەستە و تەنیا بۆ ئەوەیە بەناوی جیاوازەوە هێرش ئەنجامبدەن.
 
هاوکات بەرپرسێکی ئەمریکیش رایگەیاندووە، واشنتن پێیوایە هێرشەکەی رۆژی 23ی مانگی رابردوو بۆسەر کۆشکی یەمامە لەناو عێراقەوە ئەنجامدراوە. ئەو بەرپرسە ئەمریکییە کە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشکرا بکات، هیچ وردەکارییەکی لەوبارەیەوە رانەگەیاندووە کە بەرپرسانی ئەمریکا چۆن گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامە.
 
هەروەها بەرپرسێکی عێراقیش لەبارەی هەمان بابەت باس لەوە دەکات، ئەو زانیارییە هەواڵگرییەی ئەمریکا لەو بوارەدا دەستیکەوتووە، رادەستی حکومەتی عێراقی کردووە.
 
ئەنجامدانی هێرش لەڕێگەی درۆنەوە لە عێراقەوە کێشەیەکی جیددیی بۆ سعودیە و سیستەمی بەرگریی سعودیە دروستدەکات، چونکە هەندێک لە درۆنەکان هێندە بچووکن و هێندە نزم ئاراستە دەکرێن کە راداری سعودیە ناتوانێت بیاندۆزێتەوە.
 
هێرشەکە لەکاتێکدایە، عێراق دەیەوێت پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ سعودیە و وڵاتانی کەنداو بەهێزبکات. لە رۆژانی رابردووشدا بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق سەردانی ئیماراتی کرد و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەش سەردانی سعودیەی کرد، دەکرێت یەکێک لەو بابەتەش تاوتوێیان کردبێت، هێرشەکەی سەر ریاز بووبێت.
 


PM:07:44:25/02/2021


ئه‌م بابه‌ته 2640 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو