یەكێتی بۆ كۆبوونەوەی بارزانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی مەرجێكی هەبووە



وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكانی ئەو حیزبە داوایكردووە بارزانی سەردانی شاری سلێمانی بكات بۆ سازكردنی ئەو كۆبوونەوەیە، بەو هۆیەشەوە كۆبوونەوەكە نەكراوە.

لەتێلیگرام وێستگە نیوز جۆین بكە


بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی تایبەت لەمەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەوێستگە نیوز دراون، بۆ كۆبوونەوەی لوتكەی حیزبەكەیان و پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەپەرشتی بارزانی وەك سەرۆكی پارتی و بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكانی یەكێتی، بۆچوونی زاڵ لەنێو حیزبەكەیاندا ئەوە بووە كە ئەگەر بێتوو هاوسەرۆكان سەردانی بارزانی بكەن بۆ شاری هەولێر و سەری رەش شوێنی تایبەتی بارزانی، ناڕەزایەتیەكی زۆر لەنێو یەكێتیدا دروست دەبێت، بۆیە پێیان باشبووە كۆبوونەوەكە لەشاری سلێمانی بكرێت.

ئەو سەرچاوەیە وتی "هۆكاری ئەو بۆچوونە ئەوە بووە لەبەرئەوەی لاهور شێخ جەنگی هەمیشە بەلێدوانەكانی كە دژی پارتییە جەماوەرێكی زۆری لەنێو یەكێتی و دەرەوەی حیزبەكەشی پەیدا كردووە، ترس هەبووە لەوەی ئەگەر سەردانی بارزانی بكات، بەشێك لەو جەماوەرەی لەدەست دەدات، یان لێی نیگەران دەبن، بۆیە پێیان باشبووە بارزانی سەردانی شاری سلێمانی بكات، بەو هۆیەشەوە كۆبوونەوەكە نەكراوە".

هەر لەو بارەیەوە رێبوار كەریم وەلی، نووسەر و رۆژنامەنووسی نزیك لەپارتی رۆژی 7ی ئەم مانگە لەوتارێكدا كە لەفەیسبووكی خۆی نووسیبووی رایگەیاندبوو، قسەیەكی باو لەناو پارتییەكان هەیە:" ماڵی بارزان وەكو ئاگردان وان، زۆر لێیان نزیك بیەوە دەتسووتێنن، زۆریش لێیان دوور بی رەق هەڵدێی". ئەمە بۆ پارتییەكانە. بۆ ئەوانی دیكە، ئەگەر زۆر لێیان دوور بی دەبییە ئانتی پارتی و خەڵك لێت كۆدەبێتەوە، زۆریش لێیان نزیك بی دەبی بە پڕۆ پارتی و وەرەقەت دەسووتێ!

ناوبراو ئاماژەی بەسازكردنی ئەو كۆبوونەوەیە كردبوو وتبووی "بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دیداری لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە چوارچێوەی دانیشتنێكی چوار پێنج قۆڵی لەگەڵ سەرۆك مەسعود بارزانیدا، چەند راستە و چەند دوورە بۆ خۆی باسێكە، بەڵام دیداری لەو شێوەیە و لەو قۆناغەدا زەروورەتە. لە كاتێكدا لەو عەسرەدا، بەرامبەرەكان نەك قسەی رەسمی، بگرە قسەی ناوماڵی خۆشیان بەرامبەر یەكتری بۆ دەچێتەوە، ئیتر هیچ پاساوێك بۆ نەدیتنی روو بەڕوو نامێنێتەوە، مەگەر سیحرەكە نەبێ".

رێبوار باسی لەوەكردبوو "شوێنی دانیشتن لەكوێیە و چۆنە گرنگ نییە(هاوسەرۆكەكان چەند جارێكی دیكەش بەیەكەوە چوونەتە سەری رەش)، بەقەدەر ئەوەی كە دیداری لەو چەشنە دەبێتە هۆی سەرڕاستكردنەوەی زۆر شت. بەنسبەت لاهور شێخ جەنگییەوە ئەگەر بەشداری لە دیدارێكی وەهادا بكات، نەك سیحری بەتاڵ نابێتەوە، بگرە لە قازانجیەتی و هەندێك تەڵەش دەتەقێنێتەوە. بەشێكی زۆری سیاسەتكردن لەگەڵ پارتی و لەناو ماڵی پارتیش، پەیوەستە بە مەسافە و جۆری پەیوەندی لەگەڵ لاهوردا و، لەسەر پشتی ئەو بەڕێوە دەچێت. ئەو دوكانانە دادەخرێن! دەرفەتێكە بۆ خودی هاوسەرۆكیش كە بیسەلمێنێ سیحرەكەی لە دژایەتیكردنی پارتیدا نییە، بگرە ئەو دوای هەموو تەجروبەكانی دیكە، دەتوانێ پەیوەندییەكی وای لەگەڵ پارتیدا هەبێ كە وا بكات ئاگرەكە نەیسووتێنێت.

ئەو نووسەرە وتبووی "پێككردنی لاهور لە لوتكەی یارییە سیاسییەكانی نێوان پارتی و یەكێتیی نوێدا، بەشێكی ناچارییەو بەشەكەی دیكەشی ئەوەیە كە وردە وردە قەناعەتێك دروست دەبێ كە ناكرێ هەتا سەر كێشە‌ شەخسییەكان سێبەریان بەسەر بڕیارە سیاسییە گرنگەكانی دیكەوە هەبێت. نانبڕاو لە هەردوولا زۆر دەبن، بەڵام گرنگە كە لاهور ئەوە بزانێت كە ئەوە خۆی لە خۆیدا دەبێتە دانپێدانانێكی گرنگ بۆ داهاتووی خۆی".

دوای هەڵبژاردنی لاهور شێخ جەنگی وەك هاوسەرۆكی یەكێتی لەدوای كۆنگرەی چوارەمی حیزبەكەی لەساڵی رابردوودا، تائێستا هیچ كۆبوونەوەیەكی باڵا لەنێوان پارتی و یەكێتیدا سازنەكراوە.

هەر سەبارەت بەسازنەكردنی ئەو كۆبوونەوە لوتكەیە، پێشتر فەرید ئەسەسەرد، سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لەچاوپێكەوتنێكدا وێستگە نیوز رایگەیاند "ئێمە وەك دوو حیزب مامەڵە دەكەین، كاتێك شاند دیاری دەكەین ناوەكانمان دەنێرین، بۆیە تائێستا هیچ كێشەیەك لەو بارەیەوە نەهاتۆتە ئاراوە".

دەربارەی ئەوەش پارتی بەلایەوە ئاساییە كۆبوونەوە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی بكات، ئەسەسەرد وتبووی "ئێمە ئەوەمان لەبەرچاو گرتووە كە رەنگە پارتی جۆرێك لەهەستیاریان هەبێت بۆ دانیشتن لەگەڵ كاك لاهور، بەڵام بەڕەسمی رایاننەگەیاندووە، بۆیە كاتێكیش دانیشتن لەگەڵ پارتی دەكەین مەسەلە گشتییەكەمان لا گرنگە نەك مەسەلەی كەسەكان".



PM:05:04:25/02/2021


ئه‌م بابه‌ته 32220 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت