لایه‌نه‌ شیعه‌كانی عیراق هه‌رێم ده‌خه‌نه‌ ژێرباری دوو بژارده‌ی قورسەوە


 

وێستگه‌ نیوزـ

له‌كۆبونه‌وه‌ی ئێوارەی دوێنێی وه‌فدی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆک کۆماری عیراق وه‌فده‌كه‌ی هه‌رێم به‌ راشكاوی رایگه‌یاندوه‌ كه‌ کە ناتوانن بەو "داواکارییە زۆرە"ی زۆرینەی لایەنە شیعەکان رازی ببن.

كه‌ناڵی ئێن ئاڕ تی له‌زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وه‌فدی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ بەشێکی زۆر لە لایەنە شیعەکان گۆڕانکاریی لە داواکارییەکانیاندا ناکەن و ئەوەش وایکردوە بژاردەی رێککەوتن لاواز ببێت.

سەرچاوەکە وتویەیەتی كه‌ لە کۆبونەوەکانی ئەم چەند رۆژەی وه‌فده‌كه‌ی هەرێمدا، زۆرینەی لایەنە شیعەکان دوو بژاردەیان خستووە به‌رده‌م هەرێمی کوردستان تا بە یەکێکیان رازی بێت، بژاردەی یەکەم: رادەستکردنی "کۆی دۆسیەی نەوت" بە هەموو کەموکورتییەکانیەوە، بژاردەی دووەمیش ئەوەیە. ئەگەر هەرێم بژاردەی یەکەم قبوڵ ناکات، ئەوا رۆژانە زیاتر لە 350 هه‌زار بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ، نەک بەو نرخەی هەرێمی کوردستان خەمڵاندویەتی، ره‌وانه‌ی بەغدا بکات.

به‌پێی وته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌، حکومەتی هەرێمی کوردستان بژاردەی یەکەمی رەتکردوەتەوە رایگەیاندووە هەرگیز بەو مەرجە رازی نابێت، بۆ بژاردەی دووەمیش، وه‌فده‌كه‌ی هه‌رێم رایگه‌یاندوه‌ کە ناتوانێت زیاتر لە 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی سۆمۆ بکات، بەڵام بەو نرخەشەوە رادەستی دەکات کە خۆی دەیفرۆشێت و خەمڵاندنی بۆ کردوە، نەک ئەو نرخەی سۆمۆ دایناوە.

بە‌م زانیارییانه‌ بێت، تائێستا هیچ رێککەوتنێکی سیاسی لەسەر پشکی هەرێم نییە و تائێستاش هەم دانیشتنەکان بە کراوەیی ماونەتەوە، هەم هیچ لایه‌ك له‌سه‌ر داواكارییه‌كانی ئه‌وی دیكه‌ رێكناكه‌وێت.


AM:12:32:28/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 8144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو