ئەنجومەنی پیران لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆ هەینیدا کاندیدی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکای بۆ وەزیری بەرگری پەسەندکرد بەوەش لۆید ئۆستن بووە یەکەمین رەشپێست لە مێژووی ئەمریکادا کە ئەو پۆستە وەربگرێت.
پێشوتر سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی لۆید ئۆستن ئاماژەی بەوەکردبوو، "ئۆستن بەشداری لە هەندێک بارودۆخی زۆر ئاڵۆزی سەربازی لە مێژووی ئەمریکادا کردووە" و بایدن پێیوایە کەسێکی گونجاوی لە کاتێکی گونجاودا بۆ وەزارەتی بەرگری دەستنیشانکردووە.
ئۆستن لە ساڵی 2003 فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا بوو، کاتێک هێرشیان کردە سەر بەغدا.
لە کانوونی یەکەمی 2008 سەردانی هەولێری کردووە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمێکی سەربازی لەگەڵ هێزەکانی کۆریای باشوور. ئۆستن تەمەنی 67 ساڵە و لە ئیدارەی باراک ئۆبامادا فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا بوو، ماوەیەکیش سەرپەرشتیی هێزەکانی ئەمریکای دەکرد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ناوبراو لە 8ی ئابی 1953 لە ویلایەتی ئالاباما لەدایکبووە، 41 ساڵ خزمەتی سەربازیی هەیە، 7 ساڵ خزمەتی کەمترە بۆ ئەوەی ببێتە وەزیری بەرگری، هەربۆیە پێویست بوو کۆنگرێسی ئەمریکا یەکلایی بکاتەوە لەوەی کە ببێتە وەزیر یان نا.
PM:07:05:22/01/2021
ئهم بابهته 2548
جار خوێنراوهتهوه