كازمی: نابێ دامەزراوە ئەمنییەکان تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان بکرێن

‌مستەفا کازمی

وێستگه‌ نیوز ـ
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند، رێگەنادەن دامەزراوە ئەمنییەکان تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان بکرێت.


ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەرپرسە ئەمنییەکان بەرپرسیارییەتی رووداوەکەی دوێنێ بەغدا لە ئەستۆ دەگرن. دەشڵیت، "تەقینەوەکان نیشانەی بوونی بۆشایی ئەمنییە و بەرپرسانی ئەمنی کەمتەرخەم لە پۆستەکانیان دووردەخرێنەوە"

مستەفا کازمی جەختی لەوەش کردەوە: "لە دەزگای هەواڵگریدا ئاڵنگاری هەیە و پێویستە بەپەلە چارەسەر بکرێت، من بە تایبەت چاودێری ئەم بابەتە دەکەم بۆیە بارودۆخێکی نوێ دەسەپێنین و رێکاری بەپەلە دەگرینەبەر".

کازمی دەشڵێت: "ژیانی خەڵک جێگەی یاریکردن نییە، رێگەش بە ناکۆکی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا نادەین، دەبێت راهێنانی زیاتر بە هێزەکان بکرێت و وانە لە کەموکوڕیەکان وەربگرین".

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە، لە بەغدای پایتەختی عیراق دوو تەقینەوە لە ناوچەکانی باب شێخ و گۆڕەپانی تەیران روویدا و بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی عیراقیش، بەهۆیانەوە 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و 110 کەسیش برینداربوون.

هەر دوێنێ، سەرۆک وەزیرانی عیراق فەرمانی لەسەرکارلابردنی بریکاری وەزیری ناوخۆ بۆ کاروباری هەواڵگری و بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگری و نە‌هێشتنی تیرۆر و چەند بەرپرسێکی دیکەی دەرکرد.

دواتریش، داعش بەرپرسیارییەتی هێرشەخۆکوژیەکەی بەغدایان گرتە ئەستۆ.


PM:01:15:22/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 2096 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو