هەڵەبجە..ڕەوشی تەندروستی بریندارانی چەکی کیمیایی زۆر خراپە


وێستگە نیوز- کامەران کەریم 

سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە ئاشکرایکرد، ڕەوشی بریندارانی چەکی کیمیایی زۆر خراپەو داواکارین لایەنی  پەیوەندیدار هه‌رچی زووه‌ ئەم گرفتە  چارەسەر  بکات .

لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی  کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە بە وێستگە نیوز- ی ڕاگەیاند:" بەهۆی کاریگەریی چەکی کیمیایی بەرکەوتوانی ئەوچەکە کاریگەری لەسەر  کۆئەندامی هەناسە و چاو  و پێست درووستکردووە، بەرکەوتە هەیە لەیەک کاتدا  هەرسێ کێشەکەی هەیە بەرکەوتەش هەیە کێشەیەک یاخود دوو لەو کێشانەی بۆ درووست بووە، دۆخی برینداران زۆر زۆر خراپە بەهۆی ئەو بارو دۆخ و قەیرانی داراییەی  ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە دۆخەکەی خراپتر کردووە." 

وتیشی:" بەشێک  لەبرینداران نەشتەرگەری قەرەنی چاویان بۆکراوە لە ئێران پێویستیان بەچاودێریی پزیشکی پسپۆڕ هەیە بەڵام وەک پێویست پزیشک نایان بینێت، نزیکەی 22 بریندار تەواوی ئامادەکارییان بۆکراوە تا ڕەوانەی ئێران بکرێت بۆچاندنی قەرەنی چاو لەوڵاتی ئێران بەڵام ڕەوانەکردنیان  بۆ ئەو وڵاتە دواکەوتووە ئەمەش بوه‌تە گرفت بۆیان ."  

ڕونیشیکردەوە:" لەهەرێمی کوردستان 972 بەرکەوتەی چەکی کیمیایی هەیە، لەکاتی سەرهەڵدانی  ڤایرۆسی کۆرۆنا تائێستا 3 بریندار لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە بەو ڤایرۆسە گیانیان لەدەستداوە ."  

سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی چەکی کیمیایی لەهەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو:" داواکارین لایەنی پەیوەندیدار لەحکومەتی هەرێم  بەزوویی بێنە سەرخەت و بەجدی کار لەسەر چارەسەرکردنی بریندانی چەکی کیمیایی بکەنەوە چونکە لەبارودۆخێکی تەندروستی خراپدان."


PM:09:14:16/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 2192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت