سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان: میدیای ئازاد لەپاشەکشەدایە و پێشێلکارییەکان بێ پاساون


وێستگەنیوز-

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، میدیای ئازاد لەپاشەکشەدایە و بەپێویستی دەزانن پارێزگاری لەئازادی کاری راگەیاندن بکرێت و ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت بێ پاساون، بۆیە داوا دەکەن رۆژنامەنوسان و ناوەندەکانی داکۆکیکردن لەرۆژنامەگەری هاوکاریان بن لەدەرچواندنی پیشنیازە "یاسای رێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی" کەنەبونی یاسایەکی لەوشێوەیە بووەتە پاساوی دادگاکان بۆ مامەڵەکردن بەیاسای جیاواز لەگەڵ رۆژنامەنوسان.

رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەشداریکرد لە دیداری "رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لەهەرێمی کوردستانی عێراق 2020" کەلەلایەن سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لەمافی رۆژنامەنوسان رێکخرابوو رایگەیاند، لەئێستادا میدیا لەکوردستان بەسەر چەند ئاستێکدا دابەشبووە لەوانەش میدیای فەرمی حزبەکان، ئەو میدیانەی بەناڕاستەخۆ پشتیوانی دەکرێن لەگەڵ میدیای ئازاد، کە"بەداخەوە میدیای ئازاد بەراورد بەچوارساڵ پێش ئێستا لەپاشەکشەدایە و میدیای کڕدراو جێگەی بەمیدیاکانی دیکە لێژکردوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "میدیای کڕدراو کەلەئێستادا میدیای زاڵە لەکوردستان هیچ کەس خۆی لێ ناکات بەخاوەنی و بەپارەی سیاسییەکان و گەندەڵی ئاڕاستە دەکرێت، بەجۆرێک کەسانی گەندەڵی جوان و کەسانی پاک وەک گەندەڵ پیشاندەدات".

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی خستەڕو، لەئێستادا دەیان جۆر رێنمایی لەدامەزراوەکانی حکومەت دەردەچێت کەپێچەوانەی یاسا بەرکارەکانە، بۆیە پەرلەمانی کوردستان خواستی ئەوەی هەیە بەهاوکاری لەگەڵ رۆژنامەنوسان و ناوەندەکانی داکۆکیکردن لەرۆژنامەگەری جارێکی دیکە پیشنیازە "یاسای رێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی" بخاتەوە بەرباس ئەوەش بەئامانجی پڕکردنەوەی ئەو بۆشایە یاساییەی هەیە و دادگاکان لەکەیسی رۆژنامەنوساندا پەنادەبەنەبەر یاساکانی سزادانی عێراقی.


AM:11:56:16/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 3636 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو