جوڵانەوەیەکی نوێی سیاسی رادەگەیەنرێت

‌ساتی راگەیاندنی جوڵانەوەی "امتداد"

وێستگەنیوز-

بەشێک لەچالاکوانانی بەشدار لەخۆپیشاندانەکەی مانگی تشرینی ساڵی 2019 بڕیاریانداوە لەچوارچێوەی جوڵانەوەیەکی نوێی سیاسی خۆیان کۆبکەنەوە و بەشداری لەهەڵبژاردنەکەی مانگی حوزەیرانی پەرلەمانی عێراقدا بکەن بەناوی جوڵانەوەی "امتداد".

جوڵانەوەکە لەلایەن عەلائ رکابی، یەکێک لەچالاکوانە دیارەکانی پارێزگای زیقار سەرپەرشتی دەکرێت و رۆژی هەینی 15ی ئەم مانگە لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا لەپارێزگای موسەنای باشوری عێراق خۆیان راگەیاند.

جوڵانەوەکە کەلە چالاکوانەکانی پارێزگاکانی زیقار، موسەنا، بابل و دیوانیە پێکهاتوە وەک لەکارنامەی پارتەکەیاندا هاتووە کار دەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی رێکخراوە و ئەگەر زۆرینەی پەرلەمانیشیان بەدەستنەهێنا، دەبنە هێزێکی ئۆپۆزسیۆن لەپەرلەمانی عێراق.

لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و کردنەوەی دەرگای ناو تۆمارکردن بۆ پارتەکان، ژمارەی حزبە سیاسییەکان لەعێراق لەزیادبوندان و لەدواین هەنگاویشدا رۆژی پێنجشەممەی رابردو باقر زوبەیدی یەکێک لەسەرکردەکانی پێشوی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی پارتێکی نوێی بەناوی "حركة إنجاز" بۆ بەشداریکردن لەهەڵبژاردنەکان راگەیاند.

هـ.هـ


AM:08:53:16/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 8520 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت