لەسەر سزادانی مەلا بەختیار، ئەنجومەنی سیاسی یەكێتی هەڵوێستی خۆی راگەیاند

‌مەلا بەختیار

وێستگە نیوز-
ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەبارەت بەسزادانی مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەكە رایدەگەیەنێت، تەنها ئەنجومەنەكەیان بەرپرسیارە لە لێپێچینەوەی ئەندامەكانی و بەس.

بەپێی راگەیەنراوی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئەمڕۆ ئەنجومەنەكە بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی و ئامەدەبونی تەواوی ئەندامەكانی كۆبووەوە و لەبڕگەی كۆتایی راگەیەنراوەكە هاتووە "ئاماژە بە دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵا، لە پەیڕەوی ناوخۆدا چەسپێنرا، لێرەدا پێویستە رایبگەیەنین كەوا تەنها ئەنجومەنی باڵای سیاسی، بەرپرسیارە لە لێپێچینەوەی ئەندامەكانی و بەس".

ئەو هەڵوێستەی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی لەكاتێكدایە هەفتەی رابردوو سەركردایەتی یەكێتی كۆبووە و بڕیاریدا بە سزادانی هەریەك لە مەلا بەختیار بەسڕكردنی بۆ ماوەی سێ مانگ، رێواز فایەق و قوباد تاڵەبانی، ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی كە رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمە بە (ئاگاداركردنەوە).

سزادانەكەی مەلا بەختیار دوای بڵاوكردنەوەی كتێبەكەی بوو بەناوی (لە بری بیرەوەری) كە تیایدا چەند گێڕانەوەیەكی لەسەر نەوشیروان مستەفا، رێكخەری كۆچكردووی گۆڕان كردبوو ئەوەش بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕانی نیگەران كرد و هەڵمەتێكی میدیاییان لەدژی دەستپێكرد.

هەفتەی رابردووش مەلا بەختیار، لەكۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەك هونەرمەندی شێوەكار رایگەیاندبوو، بۆ هەڵوێستی سەبارەت بەسزادانەكەی، چاوەڕێی هەڵوێستی ئەنجومەنی باڵای سیاسی دەكات.





PM:05:16:03/12/2020


ئه‌م بابه‌ته 4244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت