لاهور شێخ جەنگی بۆ خۆپیشاندەرانی سلێمانی: دڵنیابن لەگەڵ داوا حەق و رەواكانی ئێوەم


وێستگە نیوز-

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەپەیامێكدا بۆ خۆپیشاندەرانی سلێمانی رایدەگەیەنێت "دەمەوێت دڵنیابن كە من لەگەڵ داوا حەق و رەواكانی ئێوەم و پشتیوانیتان لێدەكەم، وەكو سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش لەوە بەئاگاین كە چیتر قبوڵ ناكرێت هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، بكرێن بە قوربانی گەندەڵی و ناڕۆشنی و ململانێ سیاسییەكان".

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەبارەت بەخۆپیشاندانەكانی شاری سلێمانی رایگەیاندووە "دەمەوێت دڵنیابن كە من لەگەڵ داوا حەق و رەواكانی ئێوەم و پشتیوانیتان لێدەكەم، وەكو سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش لەوە بەئاگاین كە چیتر قبوڵ ناكرێت هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، بكرێن بە قوربانی گەندەڵی و ناڕۆشنی و ململانێ سیاسییەكان".

لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەكردووە، لە ئێستادا كە ماڵ بە ماڵ و شەقام و شارەكانی كوردستان، بەدەست دواكەوتنی مووچە و خراپبوونی ئاستی ژیان و بژێوییان دەناڵێنن و بێهیوایی و توڕەیی پەنگ دەخواتەوە، ئەویش لەگەڵ ئەوان  نیگەرانە و هەموو هەوڵەكانی چڕ كردۆتەوە بۆ كۆتاییهێنانی یەكجاری بە كێشەی مووچەخۆرانی خەڵكی كوردستان. لەم پێناوەشدا، گفتوگۆكانی دوێنێ شەویان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق، تەرخانكرا بۆ چۆنییەتی چارەسەركردنی ئەم كێشە و هەژارییە.

لاهور شێخ جەنگی وتویەتی "سەرۆك وەزیرانی عێراق هاوخەمیی خۆی نیشاندا بەرامبەر نیگەرانییەكانی ئێمە و ئێش و ئازاری مووچەخۆر و مافخوراوەكانی كوردستان، و جارێكی تر بەڵێنی دا، و بەڵێنمان لێ وەرگرت كە دەرچەیەكی یاسایی بدۆزێتەوه تا بتوانێت بەشێك لەو پارەیەی كە بە یاسای قەرز بەدەستیان هێناوه، بۆ مووچە خۆرانی گەلەكەمان سەرف بكات".

هەروەها دەڵێت "هەر لەو گفتوگۆیەدا بە تێگەیشتن لە دۆخی خراپی زۆرینەی خەڵك، لەم وەرزی سەرما و بێ مووچەییەدا، داوامان كرد چارەسەرێكی بنچینەیی بكرێ بۆ كێشەی بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان. سەرۆك وەزیران پێشنیاری كرد كه رۆژی یەكشەممه ٦ی ١٢ی ٢٠٢٠ كۆبوونەوەی لوتكەی لایەنە سیاسییەكانی عێراق ئەنجام بدرێ. پێشوازیمان لەو پێشنیاره كرد. دڵنیا بن بەنده بە نوێنەرایەتی ئێوه و هەموو مووچه خۆرانی هەرێم لەو كۆبوونەوەیە بەشدار دەبین، بەرگری لە مافەكانتان دەكەین و هەموو هەوڵێك دەدەین پشك و مافە رەواكانتان لە بودجەی فیدراڵی ٢٠٢١ دا جێگیر بكرێت و بە یەكجاری ئەم كێشه درێژخایەنە كۆتایی پێ بێت".

هاوسەرۆكی یەكێتی دەڵێت "لێرەشەوه، دوای ئەو پشوو درێژییه بێ وێنەیەی بەرامبەر كەمتەرخەمی و نابەرپرسیارێتییەكانی حوكمڕانی نیشانتان داوه، داواتان لێدەكەین چەند رۆژێكی تریش دان بە خۆتاندا بگرن، بەوپەڕی دڵسۆزی و توانا، بەرگریكاری مافەكانتان دەبین".

لاهور شێخ جەنگی وتویەتی "ئەگەریش بڕیارتانداوه گردبوونەوه و خۆپیشاندانتان هەبێت، بە هێمنی و لە چوارچێوەی خۆیدا ئەنجامی بدەن، رێگە مەدەن چالاكییەكانتان ببێته مایەی زیان گەیاندن بە كاسبكار و ئەو جووڵە كەمەی لە بازاڕەكاندا ماوه. با هاونیشتمانییان لەوە زیاتر زەرەرمەند نەبن".

ناوبراو روونیكردۆتەوە "داواش لە هێزە ئەمنییەكان دەكەین، نەبنه هۆكاری زیان گەیاندن بە ناوبانگی خۆیان و بزانن كە خۆپیشاندەران، خانەنشین و مامۆستا و كارمەندان و مووچەخۆران، خوشك و برا و كەسوكاری ئێمەن، تەنها رێز گرتن و پاراستنیان ، ئاشتی كۆمەڵایەتی و رێگەی راستی بووژاندنەوەی كوردستان هەموار دەكات.هەر لێرەوه داواشیان لێ دەكەین بە زووترین كات هەموو ئەو كەسانه ئازاد بكەن كە بەهۆی بەشداریان لە خۆپیشاندان بۆ داواكردنی مافەكانیان دەستگیركراون".

لاهور شێخ جەنگی لەكۆتاییدا دەڵێت "هەڵوێست و سیاسەتی چەند ساڵی رابردوومان، و ئەو بەهایانەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی لەسەر دامەزراوه و نوێ كراوەتەوه، شاهید و هاندەرن لەسەر ئەوەی كە هەمیشه لە بەرەی خەڵك و داوا حەق و رەواكانیان بووین. ئێستاش هەمان بیر و باوەڕ درێژه پێ دەدەین،‌ و دووپاتی دەكەینەوه كه روبەڕوبوونەوەی خۆپیشاندەران بڕیار و سیاسەتی یەكێتی نەبووه و نابێت".




PM:04:40:03/12/2020


ئه‌م بابه‌ته 7736 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو