سەبارەت بەهەبوونی دەست لەخۆپیشاندانەكان روونكردنەوە دەدرێت


وێستگەنیوز-

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، پشتیوانی خەڵكن لەهۆڵی پەرلەمانەوە تا شەقام، ئەو قسەیەی دەسەڵاتیش كە دەڵێن دەستێك لەپشت خۆپیشاندانەوەیە لەبەرئەوەیە كە وەڵامیان پێ نییە بۆ گەندەڵییەكانیان.

شێركۆ جەودەت، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان بەوێستگەنیوزی ڕاگەیاند، حیزبەكەی لەگەڵ شەقامە و پشتیوانی خەڵك دەكات، ئەوەش هەڵەیە كە هێزە ئەمنییەكان تەقە لەخۆپیشاندەران بكەن و ئەوە تاوانێكی گەورەیە، هەر بۆیە یەكگرتوو ئیدانەی هەموو توندوتیژییەك دەكات بەرامبەر خۆپیشاندەران و بەشداریشن لەخۆپیشاندان.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد، پشتیوانی خەڵكن لەهۆڵی پەرلەمانەوە تا شەقام، چونكە ئەوانەی خۆپیشاندان دەكەن زوڵمیان لێكراوە لەبەرئەوەی داواكردنی ماف شتێكی یاساییە و دەبێت هەموو كەس بیكات.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو روونیكردەوە، نەدانی موچە ئەوە دەهێنێت خەڵك بەدوای مافی خۆیدا خۆپیشاندان ئەنجام بدات، لەبەرئەوەی دەسەڵات وەڵامیان پێ نییە بۆ گەندەڵییەكانیان و بۆ ئەو ستەمە گەورەیە لەنەدان و بڕینی موچە، بۆیە ناچار دەبن شتێك بدۆزنەوە و دەڵێن دەستێك  لەپشت خۆپیشاندانەكانەوەیە.

هەروەها وتی "منداڵێكیش دەزانێت كێ‌ گەندەڵە و سەروەت  و سامانی وڵاتی بردووە،  هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات بەمەرجێك  كەرامەتی خەڵك بپارێزێت مافێكی  ڕەوایە  و دروستیشە".

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هێزێكی ئۆپۆزسیۆنە و خاوەنی پێنج كورسییە لەپەرلەمانی كوردستان.

لەدوێنێوە خۆپیشاندان لەشاری سلێمانی دەستی پێكردووە و لە هەردوو رۆژەكەش هێزە ئەمنییەكان بە گازی فرمێسكڕێژ و تەقە بەئاسماندا دەیانەوێت بڵاوە بەخۆپیشاندەران بكەن.


PM:04:08:03/12/2020


ئه‌م بابه‌ته 3688 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو