پەرلەمانتارێک: ئەمساڵیش زۆرینەی هاووڵاتییان لە نەوتی سپی بێبەش دەبن

‌‌پرۆسەی دابەشکردنی نەوت لەناو شاری سلێمانی

وێستگەنیوز-

ئەندامێکی پەرلەمانی کودستان رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی ٧ مانگ لەمەوبەر داوایان لە حکومەتی هەرێم کردوە تەنها (١٥) ملیۆن دۆلار بۆ دابینکردنی  نەوتی سپی تەرخانبکات کە دەیتوانی نەوتی هەمو هەرێمی کوردستان دابین بکات، بەڵام "بەهۆی کەمتەرخەمی و نەبوونی پلان، ئەمساڵیش زۆرینەی هاووڵاتییان لە نەوتی سپی بێبەش دەبن".

کاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی کودستان لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، "لە مانگی (٤)ی ٢٠٢٠ و بەر لە (٧) مانگ یاداشتێکی چارەسەرمان دا بە حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی دوو کێشەی سەرەکی لە هەرێم: یەکەمیان کێشەی نەوتی سپی ماڵان و دووەمیان کێشەی بەنزین. ئەوکات بە هۆی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان و کەم بوونەوەی خواست لەسەر بەکارهێنانی نەوتی سپی، حکومەتی هەرێم دەیتوانی بە بڕی تەنها (١٥) ملیۆن دۆلار، نەوتی تەواوی هەرێمی کوردستان دابین بکات، بە ناوچە شاخاوییەکانیشەوە. هاوکات، دەیتوانی نرخی بەنزین، لە ٣٠٠-٤٠٠ دینار بۆ هەر لیترێک جێگیر بکات".

ئاماژەی بەوەشکردوە، حکومەتی هەرێم لە بەر کەمتەرخەمی و نەبوونی پلان و گوێنەدان بە کێشەی هاووڵاتییان، ساڵانە هەموو کێشەکانی دووبارە دەبنەوە و نەیتوانییوە تەنانەت یەکێکییش لەم کێشانە چارەسەر بکات.

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشکردوە، لە هەرێمی کوردستان پێویستیان بە نزیکەی (٢٦٠) ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە، و لەو بڕە نزیکەی ٥٨ ملیۆن لیتریان تەنها بۆ ناوچە شاخاوییەکان پێویستە؛ لە کاتێکدا حکومەتی عێڕاق ساڵانە تەنها نزیکەی ٦٠ ملیۆن لیتر دەنێرێت و پێویستە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و دارایی بڕەکەی دیکەی کە هەیە پڕی بکەنەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێک لەو بارەوە نەندراوە. 

کاروان گەزنەیی کە هاوکات ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانە لە پەرلەمانی نوسیویەتی، "ئەمساڵیش وەکو هەموو ساڵەکانی دیکە هاووڵاتییان بێ بەش دەبن لە نەوتی سپی، جگەلەو بڕەی کە لەلایەن بەغداوە دابین دەکرێت، حکومەتێک نەتوانێت تەنها ١٥ ملیۆن دۆلار بۆ نەوت دابینبکات، لە کاتێکدا ڕۆژانە بەپرسی دز و تاڵانچی هەیە زیاتر لە ملیۆنان دۆلاری لە یەک مانگدا دەست دەکەوێت لەژێر سایەی ئەم حکومەتە پیسخۆرەدا، چ گرنگییەکی ھەیە؟".

هـ.هـ


PM:09:25:23/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 5640 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت