مەسرور بارزانی: هیوادارین لە پێنج ساڵی داهاتوو كەلوپەل بۆ دەرەوە هەناردە بكەین


وێستگە نیوز-

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئارامی و زەمینەی لەباریان رەخساندووە بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و جەختیكردەوە كە هیوادارن لە 5 ساڵی داهاتوو بگەنە خۆبژێوی ئابووری و كەلوپەل بۆ بازاڕەكانی عێراق و دەرەوە هەناردە بكەن. 
 
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی بەشداری لە كۆنفرانسی ساڵانەی ژووری بازرگانی ئەمریكا و هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هەرێمی كوردستان لەكاریگەریی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ كەرتی ئابوری بەدەر نییە، بەڵام ئەوان لە هەوڵەكانیان بەردەوام بوون لەهاندانی وەبەرهێنان، هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات، بەرەوپێشبردنی كشتوكاڵ و زیادكردنی كاتژمێرەكانی كارەبای نیشتمانی بۆ هاوڵاتیان. 
 
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، كوردستان دۆستی ئەمریكایە و كراوەیە بۆ وەبەرهێنەران تاوەكو بێن وەبەرهێنەران بكەن، بۆ ئەوەش هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان زەمینەیەكی باشیان لە ئاسایش و ئارامی رەخساندووە.
 
مەسرور بارزانی وتویەتی "ئێستا هەرێمەكەمان هیواخوازە لە پێنج ساڵی داهاتوو بگاتە خۆبژێویی ئابووری و دواتر ببێتە هەناردەكار بۆ بازاڕەكانی عێراق و بازاڕەكانی دەرەوەی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان، ئەمەش بەوەبەرهێنان و سیاسەتی دروست دەكرێت بەدی بهێندرێت". 
 
سەبارەت بەئازادیی رادەربڕین و ئازادییە تاكەكەسییەكان، سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت "جەخت لەوە دەكەینەوە ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی تاكەكەسی پارێزراو بێت". 


PM:07:29:23/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 2032 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو