لاهور شێخ جەنگی: ناهێڵین كەس لەژێر سێبەر و سایەی ئێمەدا یاساشكێنی بكات


وێستگە نیوز-

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان سەردانی ئەو چێشتخانەیەی كرد كە لەشاری سلێمانی هێرشكرایەسەری و رایگەیاند "هەمیشە پشتیوانی سەروەربوونی یاسا دەكەم و ناهێڵین كەس لەژێر سێبەر و سایەی ئێمەدا یاساشكێنی بكات".

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەفەیسبووكی نووسیویەتی "ئەم سەردانە دوای ئەوە بوو كە چەند كەسێكی نابەرپرس بەزەبری چەك پەلاماری خاوەنی چێشتخانەكەیان دا، ئەم جۆرە هەڵسوكەوت و ڕەفتارانە لەهیچ كەس قبوڵ ناكرێت و سەرپێچیكاران دەبێت ڕوبەڕوی دادگا بكرێنەوە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "دەستخۆشی لەدەزگا ئەمنییەكان و بەتایبەتی پۆلیسی سلێمانی دەكەم كە لەماوەیەكی كەمدا توانیان تاوانباران دەستگیربكەن، هەمیشە پشتیوانی سەروەربونی یاسا دەكەم وناهێڵین كەس لەژێر سێبەر وسایەی ئێمەدا یاساشكێنی بكات".

پاشنیوەڕۆی دوێنێ ژمارەیەك كەس بە چەك و جلی سەربازییەوە هەڵیانكوتایە سەر چێشتخانەی كامەران لە گەڕەكی عەقاری شاری سلێمانی و دوای رووداوەكە خاوەنی چێشتخانەكە رایگەیاندبوو "ژمارەیەك كەس بە دوو ئۆتۆمبێلی جام رەش و چەكەوە كە بەشێكیان جلی سەربازیان لەبەردا بوو، كاتژمێر 1:30 خولەكی نیوەڕۆ هەڵیانكوتایە سەر چێشتخانەكەمان و لێیانداین و هەڕەشەی كوشتنیان لێكردین".


PM:06:19:23/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 3328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت