لە فڕۆكەخانەی بەغدا سەركردەیەكی داعش دەستگیركرا

‌یەحیا رەسوڵ، فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگە نیوز ـ
لەئۆپەراسۆنێكی تایبەتدا هێزەكانی دژە تیرۆری عیراق ئەمڕۆ دووشەممە 23 تشرینی دووەمی 2020، دەستگیركردنی سەركردەیەكی داعشی راگەیاند كە بەرپرسی رێكخستنەوەی چەكدارانی داعش بووە لە عیراق.

لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق رایگەیاند: لە ئۆپەراسیۆنێكی تایبەتدا هێزەكانی دژەتیرۆری عیراق  توانیان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا سه‌ركرده‌یه‌كی داعش دەستگیر بكەن كە بەرپرس بووە لە رێكخستنەوەی چەكدارانی رێكخراوه‌كه‌ی لە عیراق.

ئاماژەی بەوەش كردووە، ئەو سه‌ركرده‌یه‌ی داعش لەدەرەوەی عیراقه‌وه‌ هاتووە ویستوویەتی كۆبونەوە بە چەكدارانی رێكخراوه‌كه‌ی بكات لە دەرەوەی شاری بەغدا.

یەحیا رەسوڵ ئاشكراشی كردووە، "ئەو به‌رپرسه‌ی داعش لە ساڵی 2003 وە پەیوەندی بەریزەكانی رێكخراوی قاعیدەوە كردووە و دواتر پەیوەندی بە ریزەكانی داعشەوە كردووە و چەندین كاری تیرۆرستی ئەنجامداوە".

لە 9 حوزەیرانی 2014، چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر پارێزگای موسڵ و داگیریان كرد، دوابەدوای ئەوهێرشە چەند پارێزگایەكی دیكەی عیراقیان داگیركرد و چەندین تاوانی جۆراوجۆریان ئەنجامدا، له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی 2017، حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكاتی عیراق دوای كۆتایی هاتنی ئۆپراسیۆنی كۆنتڕۆڵ كردنه‌وه‌ی موسڵ و قه‌زاو ناحییه‌كانی ده‌روبه‌ری، كۆتایی هاتنی داعشی راگه‌یاند.

له‌ ئێستادا داعش له‌ رێگه‌ی شانه‌ نووستووه‌كانی خۆیه‌وه‌ له‌ عیراق ناوبه‌ناو چالاكی له‌ دژی هێزه‌ عیراقییه‌كان و حه‌شدی شه‌عبی ئه‌نجام ده‌دات.


PM:02:31:23/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 1556 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت