له‌ هه‌ولێر 100 هه‌زار دینار ده‌درێته‌ خێزانه‌ كه‌مده‌رامه‌ته‌كان


وێستگه‌ نیوز ـ
بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ پێدانی هاوكاری سێیەمی حكومەتی هەرێم بەسەر خێزانە كەمدەرامەتەكانی سنووری پارێزگاکەدا كە ژمارەیان 49 هەزار خێزانە دەستیپێكردووە. دەشڵێت، هاوکارییەکە تەنیا 100 هەزار دینارە.


یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ وێستگه‌ نیوز نێردراوه‌ ده‌ڵێت: "ئەمڕۆ دوشەممە 23ی تشرینی دووەمی 2020، دابەشكردنی بڕی 100 هەزار دینار بۆ هەر خێزانێك بەسەر 49 هەزار لە خێزانە كەمدەرامەتەكانی سنووری پارێزگای هەولێر وەك هاوكاری سێیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد".

ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ ئەوەی قەرەباڵغی لە بانكەكان دروست نەبێت هاوكارییەكە لە 24 بانك دابەشدەكرێت و رۆژانە بەشێك لە خێزانەكان بە كورتەنامە ئاگادار دەكرێنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە كاتی سەردان بۆ بانكەكان دەبێت رەچاوی رێنماییە تەندروستییەكان بكرێت و ئەو كەسەی پارەكەی پێدەدرێت دەبێت ناوی تۆماركرابێت و ناسنامەی فەرمی پێبێت.

باسی لەوەشكرد، ئەو هاوكارییە بەو خێزانانە دەدرێت كە داهاتی مانگانەیان كەمتر بێت لە 400 هەزار دینار و لەوانە منداڵانی بێ سەرپەرشت، ئافرەتانی بێوەژن، كەمئەندامان، بێكاران، كرێكاران و كرێچیەکان و ئەو خێزانانەی سەرۆك خێزانەكەیان بە هەر هۆكارێك لە زیندان بێت.

ئەوەش دوای ئەوەدێت، لە ماوەی ساڵی 2020 ئەوە سێیەمین هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ خێزانە هەژار و كەمدەرامەتەكان كە دابەشدەكرێت و دوێنێش، لە سلێمانی بڕێك پارە بەسەر چەند خێزانێكدا دابەشكرا.



AM:10:47:23/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 4084 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت