وردەكاری هێرشكردنە سەر خاوەن چێشتخانەیەك لەشاری سلێمانی

‌وەستا كامەران

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

خاوەنی چێشتخانەی كامەران لەعەقاری شاری سلێمانی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ هێزێكی چەكدار هاتونەتە سەری لەناو چێشتخانەكەیدا و دەستیان كردووە بە لێدان و سوكایەتی پێكردنی، كەسێكی نزیكی خاوەن موڵكی پێشووی ئەو چێشتخانەیەش دەڵێت، ئەوان هیچ پەیوەندییان بەو هێزەوە نییە. 

وەستا كامەران، خاوەنی چێشتخانەی كامەران لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند :"دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزێكی چەكدار بەدوو وەنەوشەی جام ڕەشەوە هێرشیان كردە سەرمان لەناو چێشتخانەكەدا بە 12 كەس پەلاماریاندام و پەنجەشم بەو هۆیەوە بریندارە و بەلەقە و شەق لێیاندام و گرتەی ڤیدیۆیشمان لەسەر هێرشەكەیان هەیە".  

ناوبراو روونیكردەوە "پرسیومە بۆچی هێرشم دەكەنە سەر و پەلامارم دەدەن، بەڵام ئەوان جنێویان پێداوم و و هەڕەشەی ئەوەشیان كردووە كە دێینەوە سەرت و دەتكوژین و نەشمزانیوە بۆچی بەو شێوەیە هێرش دەكەنە سەرم و خەڵك هەروا سەری سوڕماوە لەو كارە".  

وەستا كامەران ئاماژەی بەوەكرد "من كرێچی خاوەنی چێشتخانەكەمم و دوای ئەوەی كێشەی یاسایی كەوتە نێوانمانەوە بۆم چۆڵكرد و دواتر چوومەتە ئەوبەرەوە، بەڵام دوای ئەوەی ئاوی بۆرییەكەی لێگرتوومەوە چووم سكاڵام لێكرد دواتریش تەنازولم لەسكاڵاكە كرد، بەڵام مافی گشتی لەسەر مابوو ئیتر ئەمڕۆ هاتوونەتە سەرم، هەر ئەمڕۆ بەتەلەفۆن هەڕەشەی كوشتنیان لێكردم، بۆیە داوا لەهاوسەرۆكانی یەكێتی دەكەم دەستوەردان لەو كێشەیەدا بكەن و چارەسەری بكەن و سكاڵاشمان تۆمار كردووە".  

لەبەرامبەردا زانا كەمال حەكیم ئاغا كەسی نزیك خاوەن موڵكی پێشووی چێشتخانەی كامەران لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەوان ئاگاداری ئەو هێزە نەبوون كە چوونەتە سەر چێشتخانەی كامەران و وتی "خاوەنی ئەو چێشتخانەیە ناوی بەرپرسان و یەكێتی دەهێنێت، بەڵام ئەوان پەیوەندییان بەم مەسەلەیەوە نییە، ئەمە كێشەی نێوان خاوەن موڵك و كرێچییە"، هەروەها وتیشی "ئاگاداری ئەو هێزە نیم، ئێمە كەسانی مەدەنین و خاوەنی بنەماڵەیەكی ناسراوین و هەڵناكوتینە سەر خەڵك، ئەگەر بەڵگەی یاسایی لایە دەتوانێت پێشكەشی دەزگاكانی دەوڵەتی بكات، ئاگاداری ئەو دەستدرێژییە نەبووم كە باسی دەكات، ئایا ئێوە تەئكیدن ئەو هێزە بۆ ئەم مەسەلەیە چۆتە سەری یان بۆ شتی تر بووە؟".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، كێشەی نێوان وەستا كامەران و خاوەن موڵكی پێشووی كێشەیەكی "بچووك"ە و وتی "كێشەی ئەم خاوەن چێشتخانەیە ئەوەیە ماوەیەكی زۆر كرێنشینمانە ماوەیەكیش خاوەن موڵكەكە داوای چۆڵكردنی شوێنەكەی لێكردووە و ئەویش رازی بووە، حەوت مانگە كرێی نەداوە و ئەوەش ئاساییە، پاشان داوای بڕێك پارەی كردووە و خاوەن موڵك پێی داوە".

هەروەها دەڵێت "ئەم شوێنە داڕوخاوە و كاتێك بەشوێن كرێنشینی دەدرێت، دەبێت وەك خۆی بەخاوەن موڵكی بداتەوە، بەڵام ئەوەشمان نەكردۆتە كێشە، ئەمڕۆ خاوەن موڵكەكە كە نەخۆشی درێژخایەنی هەیە لەناكاو لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركراوە و مۆبایلیان لێسەندووە و ئەویش بەلایەوە سەیر بووە، چونكە حەوت مانگە كرێی لەكرێچییەكەی وەرنەگرتووە و بەو هۆیەشەوە زەختی بەرز بۆتەوە".


PM:05:27:22/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 11748 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو