تەندروستی هۆكارەكانی كەمبوونەوەی ژمارەی تووشبوان بەكۆرۆنا ئاشكرا دەكات

‌د.ئاسۆ حەوێزی

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، پابەندبوونی هاوڵاتیان تاڕادەیەك بەڕێنماییە تەندروستییەكان و چەند هۆكارێكی دیكەش بوونەتە هۆی كەمبوونەوەی تووشبوانی كۆرۆنا، هەفتەی داهاتووش راپۆرت پێشكەشی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا دەكەن سەبارەت بەكردنەوەی قوتابخانە و خوێندنگەكان.

د.ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەوێستگە نیوزی راگەیاند، هۆكارەكانی كەمبوونەوەی تووشبوان بەكۆرۆنا  توندتركردنی رێنماییە تەندروستییەكان و تاڕادەیەك پابەندبوونی هاوڵاتیانە بەڕێنماییەكان، هەروەها هۆشیاری تەندروستی كە وەزارەت رایگەیاندووە و داخستنی قوتابخانە و هەندێك شوێنیش كە پێویست نەبوون بكرێنەوە.

حەوێزی پێیوایە لەم وەرزە و وەرزی زستاندا زۆر گرنگە خەڵك زیاتر پابەندی رێنماییەكان بن و ئەو ژمارانەی ئێستا وەكو دەرسێك وەربگرن، چونكە رۆژانە ئازیزان لەدەست دەدەن، سەبارەت بەكردنەوەی قوتابخانە و خوێندنگەكانیش كە لە ڕۆژی 1ی 11 تا 1ی 12 داخراون، د.ئاسۆ روونیكردەوە، ئەم دۆخەی ئێستا دەكەنە راپۆرت و هەفتەی داهاتوو بۆ لیژنەی باڵای رووبەڕوبوونەوەی كۆرۆنای بەرز دەكەنەوە بۆ بڕیاردان لێیان.

لەهەرێمی كوردستان دوای زیاتر لەمانگێك چاكبووانی كۆرۆنا لەتووشبوان زیاترن بەجۆرێك لە 24 كاتژمێری رابردوودا 371 تووشبوو چاكبوونەوە و 361 تووشبوی نوێ تۆماركراوە.



PM:05:31:21/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 12300 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو