قاسم ئەعرەجی: به‌مزوانه‌ كێشه‌ی مووچه‌ له‌ نێوان عیراق و هه‌رێم چاره‌سه‌ر ده‌بێت


وێستگه‌ نیوز ـ
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عیراق رایدەگەیه‌نێت، هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراق کار دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیشەوە "دڵنیایی" دەدات کە چارەسەر دەبێت.

 
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عیراق، به‌ رووداوی راگه‌یاندووه‌، "بە دڵنیاییەوە ئێمە زۆر سوورین لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، کاردەکەین بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە و ناکۆکییەکان".
 
لەدوای تێپەڕاندنی یاسای قەرز لە پەرلەمانی عیراق، حکومەتی عیراق دوو مووچەی فەرمانبەرانی دابەشکرد، بەڵام هێشتا ئەو 320 ملیار دینارەی هەولێر و بەغدا لەسەری رێککەوتبوون تا پەسەندکردنی بودجەی گشتیی ساڵی 2021 بیداتە هەرێمی کوردستان، نەیناردووە و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە.
 
ئەعرەجی لەبارەی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی وت: "حکومەت دەیەوێت کێشەی مووچە چارەسەر بکات، بە دڵنیاییەوە فەرمانبەرانی کوردستان برای خۆشەویستی ئێمەن، هیچ جیاوازییەکیان نییە لەگەڵ فەرمانبەرانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە، هەمووان دڵنیادەکەینەوە پشتیوان بەخوا بەو نزیکانە ئەوە چارەسەر دەبێت".
 
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، مستەفا کازمی داوای لە پەرلەمانتاران کرد "ناکۆکییە سیاسییەکان رەنگدانەوەو کاریگەرییان لەسەر بژێویی خەڵک نەبێت". لەبارەی رێککەوتنی هەولێر و بەغداش رایگەیاند: "رێککەوتووین تا پەسه‌ندکردنی بودجە پارەیەکی سادە بنێرین"، کە مەبەستی 320 ملیار دینارەکەیە.
 
کازمی لە قسەکانیدا باسی لە تێپەڕاندنی یاسای قەرز بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە لە پەرلەمانی عیراق بەبێ خواستی کورد کرد، وتی: "ئێستا یاسای قەرز زۆر کاری حکومەتی پەکخستووە، لێرەدا باسی ناکەم، بە راشکاوانە دەڵێم هیوادارم لە برایانی پەرلەمان، ناکۆکی سیاسی رەنگنەداتەوە لەسەر بژێوی گەل، جا کورد بێت یان عەرەب بێت".
 
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، پەرلەمانی عیراق بەبێ رەزامەندیی کورد، پرۆژەیاسای قەرزی بۆ کورتهێنانی بودجە پەسه‌ندکرد. بەپێی یاساکە هیچ پشکێک لەو قەرزە بۆ هەرێمی کوردستان دیارینەکراوە، هاوکات رادەستکردنی هیچ بڕە نەوتێکیش لەسەر هەرێمی کوردستان نەسەپێنراوە، بەڵکو دانراوە کۆمپانیای سۆمۆ دیاریبکات، بۆیە بڕیارە هەرێمی کوردستان شاندێک بۆ گفتوگۆ بنێرێتە بەغدا.

بیانووی پەرلەمانتارانی شیعە و بەشێکی سووننەکان لە تێپەڕاندنی ئەو یاسایە ئەوەیە، کە دەڵێن هەرێمی کوردستان هیچ داهاتێکی نەداوەتە حکومەتی عیراق.
 
مستەفا کازمی لەو بارەیەوە دەڵێت: "بەڵێ هەڵە هەیە و هەندێک شت هەیە لە پەیوەندییەکانی بەغدا و هەرێم، بەڵام داوادەکەم بازرگانی بە بژێوی گەل نەکرێت، هاووڵاتیان بەهیچ شێوەیەک ناتوانن هەڵەی سیاسی لە ئەستۆبگرن، پێویستە هاووڵاتی بەتەواوی لەمە بەدووربن. نابێت مووچە ببێتە ماددەیەک بۆ کێشانەوەی پارە، ئەمە حەرامە".
 
لەبارەی بەردەوامی دانوستاندنەکانی هەولێر و بەغدا، کازمی رایگەیاند: "دانوستاندن بەمنزیکانە دەکرێت و پێشتریش هەبووە و  بەردەوامە، پێشتر رێککەوتین لەسەر پێدانی بڕە پارەیەکی سادە تاوەکو یاسای بودجەی 2021 پەسه‌ند دەکرێت. کەمتر لە مانگێک کوتلە سیاسییەکان بەوپەڕی جیدییەتەوە کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم ئاستەنگییەکان، دانوستاندنی نێوان کوتلە سیاسییەکان مافێکی سرووشتی کوتلە سیاسییەکانە کە قسەیان لەسەر بودجە هەبێت، بەڵام بەپێی بەرژەوەندی عيراق بێت".


AM:11:28:21/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 17448 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت