مامۆستایانی ناڕازی بۆ حکومەت: بە بڕیاری ئێوە بایکۆتمان نەکردوە تا بە بڕیاری ئێوە بیشکێنین

‌فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگه‌ نیوز ـ
ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی رایگەیاند، لە ئێستاشدا لە ژێر فشاری حزبەکانیاندا و له پێناوی کورسیەکانیان دەیانەوێت به زۆرەملێ دەرگای ناوەندەکانی خوێندن بکەنەوە، هاوکات بە حکومەتیش دەڵێن، "مامۆستایان بە بڕیاری ئێوە بایکۆتیان نەکردووە تا به بڕیاری ئێوە بیشکێنن".


ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی تشرینی یه‌كه‌می 2020، ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی رایگەیاند، "بەداخەوە دەسەڵاتدارانی شکستخواردووی هەرێم و وەزارەتی پەروەردە ئەوەندەی لە خەمی بازرگانی و  کورسیەکانیاندان لە خەمی کێشەکانی پەروەدە و داوا رەواکانی مامۆستایان و فەرمانبەراندا نین، بۆیە زۆربەی بڕیار و لێدوانەکانیان بە زیانی پرۆسەی پەروەردە و هاوڵاتیان تەواو دەبێت".

ئەوەش خراوەتەڕوو: "لە ئێستاشدا لە ژێر فشاری حزبەکانیاندا و له پێناوی کورسیەکانیان دەیانەوێ به زۆرەملێ دەرگای ناوەندەکانی خوێندن بکەنەوە و ئێمە ئەم هەوڵە بە هەوڵێکی نەزۆک دەزانین".

باس لەوەشکراوە، "پێمان وایە بایکۆت پرۆسەیەکی خۆڕسکی مامۆستایانە و گیرفانی بەتاڵیان و ستەمکاری دەسەڵات پێیکردوون و لقی سلێمانی یەکێتی مامۆستایان لە بەیانێکی فەرمیدا بڕیاری لێداوە".

هاوکات، مامۆستایانی ناڕازی بە بەرپرسانی پەروەردە و حکومەت دەڵێن: "مامۆستایان بە بڕیاری ئێوە بایکۆتیان نەکردووە تا به بڕیاری ئێوە بیشکێنن".

راشیانگەیاندووە، "ئێمە چاوەڕوانی هەڵوێستی نوێی لایەنە پەیوەندیدارەکانی پەروەردە و حکومەت دەکەین، کە بڕیارە رۆژی یەکشەممە 1ی مانگی داهاتوو رایبگەیەنین".

ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەو بڕیارە ئەگەر لە بەرژەوەندی پرۆسەی پەروەردەدا نەبێت و داواکاری مامۆستایان و قوتابیان لەبەر چاو نەگیرێت ئێمە بێدەنگ نابین و هەڵوێستی توندمان دەبێت و ناڕەزایەتی و چالاکیەکانمان دەستپێدەکەینەوە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، بڕیاربوو لە سەرەتای مانگی 10ی ئەمساڵەوە پرۆسەی خوێندن لە هەرێم دەستپێبکاتەوە، کە تیایدا چەند خوێندنگەیەک لە چەند ناوچەیەکی هەرێم دەستیان بە خوێندن کردووە و لە بەشێکی دیکەی ناوچەکانیشدا مامۆستایان دژی دواکەوتنی مووچەکانیان و سیستمی ئۆنلاین بایکۆتیان کردووە، هاوکات رۆژی سێشەممەی رابردووش، داوای لە خوێندنگەکان کرد، دەستبە دەوام بکەنەوە و درێژە بە بایکۆت نەدەن.


PM:12:29:29/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 1344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو