گروپێكی چه‌كداری عیراق له‌ ئێرانه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات: وادیاره‌ ئه‌مریكا له‌ زمانی گفتوگۆ تێناگات


وێستگه‌ نیوزـ

گروپی چه‌كداری نوجه‌با كه‌ گروپێكی شیعه‌ی عیراقه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ ئه‌مریكا كرد و رایگه‌یاند "ئه‌وه‌ی پێشتر به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا كراوه‌ هێشتا شتێكی ساده‌ و ساكاره‌ و چاره‌نوسی ئه‌مریكا و ئیسرائیلیش له‌ناوچونه‌".

ئه‌كره‌م كه‌عبی، ئه‌مینداری گشتیی بزوتنه‌وه‌ی نوجه‌با كه‌ گروپێكی چه‌كداری شیعه‌ی عیراقه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ ئێران وتی "زمانی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا سودی نییه‌ و ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ریان تائێستا كراوه‌، شتێكی ساده‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌داهاتودا به‌رامبه‌ریان ده‌كرێت زۆر گه‌وره‌ تر ده‌بێت".

كه‌عبی سیاسه‌تمه‌دارانی عیراقیشی ئاگادار كردوه‌ته‌وه‌ له‌ "پیلانی دابه‌شبون" و ده‌ڵێت با سیاسییه‌كانی عیراق خۆیان بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی پیلانێكی نوێ بۆ دابه‌شكردنی عیراق ئاماده‌ بكه‌ن، به‌ڵام عیراق به‌ یه‌كگرتویی ده‌مێنێته‌وه‌ و میحوه‌ری مقاومه‌ت تا رزگاركدنی قودس و نوێژكردن له‌وێ راناوه‌سێت و ئه‌مریكا و ئیسرائیلیش چاره‌نوسیان له‌ناوچون ده‌بێت.

سه‌ركرده‌ شیعه‌كه‌ ده‌ڵێت: "هه‌لی زۆرمان دا به‌ ئه‌مریكا به‌ڵام زمانه‌ خراپه‌كه‌ی ئه‌وان هه‌رگیز گۆرانكاریی به‌سه‌ردا نه‌هات، بۆیه‌ گروپه‌كانی مقاومه‌ت به‌ توندی روبه‌ڕویان ده‌بنه‌وه‌ ئه‌گه‌ر عیراق جێنه‌هێڵن".


PM:10:35:28/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 2292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت