سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئێران تووشی كۆرۆنا بوو

‌محەمەد باقر قاڵیباف

وێستگه‌ نیوز ـ
محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە توویتێکدا رایگەیاند، وەڵامی پشکنینی کۆرۆنای پۆزەتیڤ بووە و ئێستا کەرەنتینکراوە و لەوێوە بەدواداچوون بۆ ئەرکەکانی دەکات.

 
بە وتەی محەمەد باقر قاڵیباف، یەکێک لە فەرمانبەرانی نووسینگەکەی کۆرۆنای گرتووە، ئەویش پشکنینی کردووە و نیوەشەوی ئەمشەو وەڵامی هاتووەتەوە کە پۆزەتیڤ بووە.
 
محەمەد باقر قاڵیباف، سەردانی نەخۆشخانەی تایبەت بە چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنای لە تاران کرد، ئەمە رەخنەی حکومەتی حەسەن رووحانی لێکەوتەوە. عەلیڕەزا مۆعێزی، جێگری نووسینگەی حەسەن رووحانی، سەرۆک کۆماری ئێران، وتی: "ئەمە پێشێلکردنی رێوشوێنە تەندروستییەکان، بە هەر ئامانجێک بێت".
 
محەمەد باقر قاڵیباف وتی: سەردانەکەی بۆ ئەو نەخۆشخانەیە بۆ پشتیوانی و هاندانی کادری دەرمانی بووە.
 
عەلی لاریجانی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی ئێرانیش بەهاری ئەمساڵ کاتێک ماوەی سەرۆکایەتییەکەی کۆتایی نەهاتبوو تووشی کۆرۆنا بوو.
 
تائێستا ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومەت و پەرلەمانتاران تووشی کۆرۆنا بوون. بە وتەی عەلی بابایی، پەرلەمانتار، ئێستاش محەمەد شەریعەتمەداری، وەزیری کاری ئێران تووشی کۆرۆنای بووە و بڕیاربووە پێکەوە کۆببنەوە، بەڵام بەم هۆیەوە کۆبوونەوەکە نەکراوە.
 
تائێستا دوو پەرلەمانتاری ئێرانیش بەهۆی تووشبوون بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.
 
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئێران ژمارەی تووشبوونی کۆرۆنا لە ئێران و رۆژهەڵاتی کورستان گەیشتووەتە 581 هەزار و 824 کەس. کە 33 هەزار و 299 لەو تووشبووانە گیانیان لەدەستداوە و 463 هەزار و 611 تووشبووش چاکبوونەتەوە.


AM:11:21:28/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 1156 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو