ئەمریکا سیستمی بەرگری بە تايوان دەفرۆشێت

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەیان رازیبووە بەبڕی 2.4 ملیار دۆلار، 100 موشەکی سیستمی بەرگری جۆری هارپوون بە تایوان بفرۆشێت.


وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، گرێبەستەکە 100 پاتری موشەکی بەرگری لە جۆری هارپوون لەخۆدەگرێت کە توانای هەڵگرتنی نزیکەی 400 موشەکی جۆری ئاڕ جی ئێم 84 ئێڵ چواریان هەیە و مەوداکەی دەگاتە 125 کیلۆمەتر.

هاوکات، ئەم موشەکانە بەشی پیشەسازی بەرگری کۆمپانیای بۆینگ بەرهەمیدەهێنێت و دەتوانرێت لەسەر شوێنی جێگیر یاخود جوڵاویشدا دابنرێن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشی خستووەتەڕوو، "گرێبەستەکە توانا بەرگرییەکانی ئەو وڵاتە بەهێز دەکات، کە وەریدەگرێت و یارمەتیدەر دەبێت لە خستنەوەی سەقامگیری سیاسی و هاوسەنگی سەربازی و پێشکەوتن لە ناوچەکەدا".

لەوبارەوە، نووسینگەی تسای ئینگ وین، سەرۆکی تایوان سوپاسی ئەمریکای کرد لەسەر گرێبەستەکە و رایگەیاندووە "دەکرێت توانا جەنگیەکانمان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات".

ئەوەش لە کاتێکیدایە، لە ماوەی رابردوودا، ئەمریکا بە گرێبەستێکی یەک ملیاری دۆلاری کۆمەڵێک چەکی بە تایوان فرۆشت ئەوەش نیگەرانی چینی لێکەوتەوە و ئەو وڵاتە باسی لەوەکردبوو، سزا بەسەر ئەو کۆمپانیا ئەمریکانەدا دەسەپێنێت، کە بە گرێبەستی چەکی نێوان ئەمریکا و تایوانەوە پەیوەستن.


AM:08:46:28/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 3664 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو