وتەبێژێک: لە 5 ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش 3 ئەندامیان یەکێتین، ئاگاداری دواین ئۆپەراسیۆن نەبووین

‌ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان

وێستگەنیوز-

وتەبێژێک بەناوی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەرچەندە لە 5 ئەندامی باڵای ئەنجومەنی ئاسایش 3 ئەندامیان یەکێتین، بەڵام ئاگاداری ئەو ئۆپەراسیۆنانەنین کە ئەنجومەنەکە رۆژی دوشەممە ئەنجامی داون و لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردونەتەوە. 

وتەبێژێک بەناوی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان درەنگانێکی شەوی رابردو راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و لەبەشێکی راگەیەنراوەکەدا هاتوە، "ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان پێکھاتووە لە پێنج ئەندامی سەرەکی کە بریتین لە راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم، سەرۆکی دەزگای زانیاری، سەرۆکی دەزگای پاراستن، و سەرۆکی ھەواڵگریی پێشمەرگە. لەم پێنج ئەندامە، سێ ئەندامیان لەسەر پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن و تەنھا دوو ئەندامیان پارتین. بەڵام دوای پرسیار کردن لە ھەرسێ ئەندامە باڵاکەی یەکێتی لەناو ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم، دەرکەوت کە بەرپرسانی یەکێتی بە ھیچ جۆرێک ئاگاداری ئۆپەراسیۆنی لەم جۆرە نین کە رۆژی ٢٦\١٠\٢٠٢٠ لەرێی بەیاننامەیەک بە ناوی ئەنجومەنی ئاسایشەوە بڵاوکراوەتەوە".

ئەوەش هاتوە، " بۆیە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش لە پشکی یەکێتی، ئەم بەیاننامەیە و ھەر بەیاننامەیەکی تری لەم چەشنەی ئەنجومەنەکە رەد دەکەنەوە، بە ھەندی وەرناگرن و نایسەلمێنن، چونکە ئاگاداری روداوی لەو جۆرە نین کە لە ھەرێم روویدابێت، رێگەش نادەن بەناوی ئەنجومەنێکەوە راگەیەندراو بڵاو بکرێتەوە کە پێش بڵاوکردنەوەی، ئەندامە سەرەکییەکانی پرسوڕایان پێ نەکرابێت".

دوێنێ ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە چەند رۆژی رابردودا چەند هێرشێکی تێکدەرانەیان لە هەرێمی کوردستان پوچەڵ کردەوە و چەندین کەسیشیان دەستگیرکرد، کە پەیوەندییان لە گەڵ گروپە تیرۆریستییەکاندا هەیە. 


AM:08:25:27/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 5856 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت