د. به‌رهه‌م: پێویستە دڵنیایی بدرێت کۆرۆنا کاریگەری‌ لە ئاستی زانستی دروست ناكات


وێستگه‌ نیوز-
سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق رایگه‌یاند، پێویستە دڵنیایی بدرێت لەوەی کە کۆرۆنا هیچ کاریگەریەک لە ئاستی زانستی دروست ناكات.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دوشەممە د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عیراق لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە نەبیل کازم عەبدولساحب، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.

لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە پێویستی تەواوکردنی پێداویستییەکانی ساڵی خوێندنی نوێ و خۆگونجاندن لەگەڵ پێشهات و ئاڵنگارییەکان کە پەتای کۆرۆنا سەپاندویەتی لەبەردەم پەیوەندیکردن و گرتنەبەری باشترین رێوشوێنی خۆپارێزی لە پەتاکە و زامنکردنی ئەوەی هیچ کاریگەریەک لە ئاستی زانستی ناکات لەم دۆخەی کە جیهان روبەڕوی دەبێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سه‌رۆك كۆمار جەختیکردەوە، لەگرنگی بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندنی ئەکادیمی و زامنکردنی پارێزگاری لە سەربەخۆی خوێندنی زانکۆکان و سودوەرگرتن لە توانا زانستی و خوێندکارە سەرکەوتوەکان و کردنەوەی دەرگای هاریکاری و هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆ نێودەوڵەتییەکان و سود وەرگرتن لە ئەزمون و شارەزاییە نێودەوڵەتییەکان لەو روەوە لە پێناو ئەوەی زانکۆکانی عیراق بگەنە ئاستێک کە بەراوردی دەوڵەتانی جیهان بکرێت.

لەلای خۆشیه‌وه‌ نەبیل کازم عەبدولساحب، وه‌زیری‌ خوێندنی‌ باڵاو توێژینه‌وه‌ی‌ زانستی‌ عیراق، سوپاسی پێشنیارەکانی سەرۆک کۆماری کرد و وردەکاری لەبارەی کار و پلانی داهاتوی وەزەراتەکەی و ئەو ئاستەنگانەی کە روبەڕوی کەرتی خوێندن دەبێتەوە لە وڵات خستەروو.


PM:02:04:19/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 1964 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت