حكومه‌تی هه‌رێم داوا له‌ حكومه‌تی عیراق ده‌كات به‌ زووترین كات به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم خه‌رج بكات

‌دیمەنێک لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ

وێستگه‌ نیوز ـ

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوا له‌ حكومه‌تی فیدراڵی عیراق ده‌كات به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان خه‌رج بكات،
لە ھەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران پێشنیازی وەزارەتی دارایی و ئابووریشی پەسەندکرد بۆ زیادکردنی تەمویلی مووچەی داھاتوو بۆ 82٪‏ لە بری 79٪‏ و کەمکردنەوەی رێژەی راگرتنی تەمویل لە 21٪ ‏بۆ 18٪‏..

ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی ئەیلولی 2020، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەن کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیان ئەنجامدا.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا: "بەداخەوە تا ئێستاش ژمارەی تووشبووان و گیان لە دەستدان بە هۆی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لە زیادبوونە، بۆیە داوا لە هەموو دامودەزگا و فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم  کە پابەند بن بە گشت رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان. لە هەمانکاتدا داوا لە هاووڵاتییانیش دەکەم خۆیان بپارێزن".

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە وتەیەکی دەربارەی کۆچی دوایی سەلاح کوێخا سەرپەرشتیاریی پێشووی ئیدارەی گەرمیان پێشکەش کرد و "باسی لە‌ جوامێری و دڵسۆزی سە‌ڵاح كوێخا كرد" و وتی "كاك سە‌ڵاح وە‌ك چۆن لە‌شاخ پێشمە‌رگە‌یە‌كی ئازا و خە‌باتگێڕێكی دڵسۆز بووە‌، ئاوھاش لە‌ سە‌ردە‌می سە‌رپە‌رشتی كردنی ئیدارە‌ی گە‌رمیان، دڵسۆز و لە‌خە‌می خزمە‌تكردنی گە‌رمیانی پایتە‌ختی ئە‌نفال و گە‌رمیانییە‌كان بووە‌، جومێرانە‌ و مە‌ردانە‌ كاری كردووە‌ و ھاوسە‌نگی حوكمڕانی پاراستبوو، بە‌ناوی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیرانە‌وە‌ پرسە‌ وسە‌رخۆشی ئاراستە‌ی كە‌سوكار و گە‌رمیانییە‌كان دە‌كە‌ین".

هەروەها ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان  سەرەخۆشی لە خەڵک و بنەماڵەی میریی کوێت دەکات بۆ کۆچی دوایی میری کوێت شێخ (صباح الاحمد الجابر الصباح)، کە پەیوەندییەکی دۆستانەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبوو.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە پاراستنی سەقامگیریی دۆخی عیراق و هەروەها گرنگیی پاراستنی ئاسایشی باڵیۆزخانە و نووسینگە و نێردە دیپلۆماسییەکان لە بەغدا کردەوە، چونکە تێکچوونی دۆخی عیراق لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی عیراق بە گشتی نییە.

پاشان هەر یەک لە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان، راپۆرتێکیان دەربارەی دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدرالی سەبارەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد، کە لە لایەن لیژنەی دانوستانەوە ئامادەکرابوو. 

ئەنجومەنی وەزیران نەخشەڕێگا و پلان و ڕاسپاردە پێشنیارکراوەکانی پەسەندکرد و لیژنەکەشی راسپارد بۆ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی و بەردەوامیدان بە ھەوڵەکانی پێشوو لەم دۆسیەدا و سەردانكردنی دەسەڵاتە فیدڕاڵییەکان لە بەغدا لە نزیکترین دەرفەتدا و کارکردنی جدی بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 ی دەستوور، بەو پێیەی بابەتی خاک وئەو ناوچە ناکۆکی لەسەرانە کاری لە پێشینەی ئەم کابینەیە و جێی بایەخ و گرنگیی ھەرێمی کوردستانە و بابەتە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێم وبەغدا، تەنیا بریتی نین لە بواری بوودجە و وزە.

لە کۆتاییدا د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا بە ژمارە و داتای پێویست، ڕوونکردنەوەی یاسایی و دارایی دەربارەی مووچە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو. تیایدا جەختکرایەوە لەوەی مووچە و شایستەی دارایی، بە یاسا چەسپێندراوی مووچەخۆرانە و ئەنجومەنی وەزیران، بابەتی دابینکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران لە ئەولەویەتی کاری ئەم کابینەیە داناوە، ئەنجومەن داوا لە حکومەتی فیدڕاڵی دەکات ھەرچی زووە بەشە بودجەی ھەرێم خەرج بکات تا لە نزیکترین دەرفەتدا، لەگەڵ داھاتی ناوخۆی ھەرێم، مووچە دابەش بکرێت. لە ھەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران پێشنیازی وەزارەتی دارایی و ئابووریشی پەسەندکرد بۆ زیادکردنی تەمویلی مووچەی داھاتوو بۆ 82٪‏ لە بری 79٪‏ و کەمکردنەوەی رێژەی راگرتنی تەمویل لە 21٪ ‏بۆ 18٪‏.


PM:03:42:30/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 34220 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو