دوای 45 رۆژ دواكه‌وتن، حكومه‌تی عیراق ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی موچه‌ ده‌كات


وێستگه‌ نیوزـ

ماوه‌ی 45 رۆژە حکومەتی عیراق موچەی فەرمانبەرانی دابەش نەکردووە، وەزارەتی داراییش هیچ وادەیەکی بۆ دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران دیاری نەکردوە، دابه‌شنه‌كردنی موچه‌ی به‌غداش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر دابه‌شكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم كردوه‌ و له‌ هه‌رێمیش فه‌رمانبه‌ران چاوه‌ڕوانی موچه‌كانیان.

به‌هۆی ئه‌وه‌ی داهاتی مانگی ئابی حكومه‌تی عیراق سێ ملیار و 492 ملیۆن و 163 هەزار دۆلار بووە، لەگەڵ داهاتەکانی دیکەشی دەگاتە چوار ملیار دۆلار واته‌ زیاتر له‌ چوار ترلیۆن دینار، ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ش به‌شی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ناكات، چونكه‌ مانگانە به‌غدا پێویستیی بە شەش ترلیۆن و 200 ملیار دینارە، داهاتی نەوتیش دەگاتە نزیکەی چوار ترلیۆن دینار، واته‌ نزیکەی دوو ترلیۆن دینار کورتهێنانی مانگانەمان هەیە، کە لە 15 ترلیۆن دیناری قەرزی پێشووی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی دابین دەکرێت.

كه‌میی داهات و كورتهێنانی داهاتی مانگانه‌، وایكردوه‌ كه‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی عیراق بۆ مانگی 9 ماوه‌ی 45 رۆژ دوابكه‌وێت، هه‌ربه‌هۆی ئه‌و دواكه‌وتنه‌وه‌، ناردن و خه‌رجكردنی 320 ملیار دیناره‌كه‌ی هه‌رێمیش كه‌ به‌غدا به‌ڵێنی داوه‌ ره‌وانه‌ی بكات، ئه‌ویش دواكه‌وتوه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ هێشتا دەست بە دابەشکردنی موچه‌ی مانگی 4ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمیش نەکراوە.

د. جەمال کۆچەر، ندامی لیژنەی دارایی و ئابوری له‌ پەرلەمانی عیراق دوایین زانیاریی له‌سه‌ر دابه‌شكردنی موچه‌ له‌ به‌غدا ئاشكراكردوه‌ و پێشبینیی كردوه‌: "حکومەتی عیراق لە کۆتایی ئەم هەفتەیە دەست بە دابەشکردنی موچە بکات."
 
ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی دارایی عیراق باسی لەوەشکرد، حکومەتی عیراق بۆ ئەوەی بتوانێت موچە دابەش بکات پێویستی بە قەرزکردنی یه‌ك ملیار و 200 ملیۆن دۆلاره‌ و دەتوانێت وەک ئەمانەتێک قەرزەکە لە زیادکردنی داهاتی ناوخۆیی دابین بکات، تا دوای ئەوەی یاسای بودجە یان قەرز دێت، پارەکە دەچێتە سەر قەرز و دەکەوێتە سەر رێڕەوی خۆی.

پێشتریش د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە به‌رنامه‌ی تاوتوێی كه‌ناڵی ئێن ئاڕ تی دا رایگەیاند، ئێستا پارەی موچەی هەرێم بۆ دابەشکردن ئامادەیە، بەڵام چاوەڕوانی 320 ملیار دینارەکەی حکومەتی ناوەندی دەکەن. 

وتیشی، "مەترسییەکە لەوەدایە گەر دابەشی بکەیت و پارەکەی بەغدا نه‌گات، ئەوا کێشە دروستدەبێت و بەشێک لە فەرمانبەران موچە وەردەگرن و بەشێکی دیکەیان وەری ناگرن".


PM:12:11:30/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 29528 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت