عه‌بادی: له‌وانه‌یه‌ ئه‌مریكا به‌ته‌واوی له‌ عیراق بكشێته‌وه‌، به‌ڵام بۆ هه‌ولێر نا

‌حه‌یده‌ر عه‌بادی

وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆكی ئیئتلافی نه‌سر و سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوتری عیراق باس له‌ پێشبینییه‌ مه‌ترسیداره‌كانی ئه‌مریكا ده‌كات به‌هۆی هێرشكردنه‌سه‌ر باڵیۆزخانه‌كه‌یان له‌ به‌غدا و به‌دووری نازانێت ئه‌مریكا به‌ته‌واوی له‌ عیراق بكشێته‌وه‌، به‌ڵام كشانه‌وه‌كه‌ بۆ هه‌ولێر نییه‌.

له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی عه‌ره‌بییه‌ حه‌ده‌س، حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوتری عیراق وتی "به‌ رێزگرتن له‌ هاوڵاتیانی عیراق، ده‌توانرێت رێز له‌ سه‌روه‌ریی خاكی وڵات بگیرێت، دروستكردنی مه‌ترسیش له‌سه‌ر ئاسایشی هاوڵاتیان، مه‌ترسی له‌سه‌ر سه‌روه‌ریی دروست ده‌كات".

عه‌بادی وتیشی "به‌ئامانجكردنی نێرده‌ دیپلۆماسییه‌كان زیان به‌ عیراقییه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت و وا ده‌كات كۆمپانیا و سه‌رمایه‌داره‌كان له‌ عیراق هه‌ڵبێن، ئه‌وانه‌ش كه‌ هێرشكردنه‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌ بیانییه‌كان له‌ عیراق به‌ مقاومه‌ ده‌زانن، ته‌نها موزایه‌ده‌ ده‌كه‌ن و له‌ زیانگه‌یاندن زیاتر به‌ وڵات هیچ سودێك به‌ خه‌ڵك ناگه‌یه‌نن".

عه‌بادی باسی له‌ پێشبینیی مه‌ترسیداره‌كانی ئه‌مریكا بۆ دۆخی عیراق ده‌كات و رایگه‌یاندوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر هێرشه‌ موشه‌كییه‌كان بۆسه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی واشنتن به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا له‌وانه‌یه‌ ئه‌مریكا به‌ته‌واوی له‌ عیراق بكشێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و كشانه‌وه‌ی بۆ هه‌ولێر نابێت، بێئه‌وه‌ی رونی بكاته‌وه‌ ئه‌مریكا بۆ كوێ ده‌كشێته‌وه‌.

ئەوەشی خستەڕوو كە پێدەچێت لایەنی ئەمریكی پێشبینی روودانی هەڵمەتێكی گەورە بكات لە دژی باڵیۆزخانەكەیان لە بەغدا بۆ ئەوەی دۆناڵد ترەمپ پێش هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكە رووبەڕووی دۆخێكی نەخوازراو بكەنەوە.

لەو بڕوایەشدابوو كە ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا باڵیۆزخانه‌كه‌ی دابخات، له‌وانه‌یه‌ به‌دوای ئه‌ویشدا ژمارەیەك وڵاتی دیكەی رۆژئاوا باڵیۆزخانەكانیان لە بەغدا دابخەن و ئەوەش زیانێكی گەورە لە عیراق دەدات، به‌ڵام راشیگه‌یاند كه‌ ئه‌مریكا نایه‌وێت به‌و شه‌رمه‌زارییه‌ له‌ عیراق بچێته‌ ده‌ره‌وه‌.


PM:11:34:29/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 13500 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت