سهرۆك كۆماری عیراق: شانە نوستوەکانی داعش هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیریی عیراق و ناوچەکە
سەرۆک کۆماری عیراق و وەزیری بەرگریی ئیتالیا
وێستگه نیوزـ
سهرۆك كۆماری عیراق له هاوینهههواری مێرگهپان له شاری سلێمانی پێشوازیی له وهزیری بهرگریی ئیتالیا كرد و له دیداری نێوانیاندا سهرۆك كۆمار رایگهیاند كه جەنگ دژ به داعش بەردەوامە و شانە نوستوەکانی ئهو رێكخراوهش هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیری عیراق و ناوچەکە و جیهان.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی کۆماری عیراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێسەممە 29ی ئهیلولی 2020، د.بهرههم ساڵح، سهرۆك كۆماری عیراق لە مێرگەپان بەئامادەبوونی شۆرش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و ھەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگای سلێمانی، پێشوازیی کرد لە لۆرێنزۆ گوێرینی، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا و وهفدی یاوهری.
سەرۆک کۆماری عیراق جەختیکردەوە لە هەوڵەکانی عیراق بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان لەگەڵ ئیتاڵیا لە سەرجەم بوارەکان و کارکردنی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییە جیاجیاکان کە رووبەرووی ناوچەکە و جیهان دەبێتەوە، لە پێش هەمووشیان بەگژاچوونەوەی تیرۆر و بەھێزکردنی هەماهەنگی ئابووری و رۆشنبیری و ئاڵوگۆری شارەزایی لە تەواوی بوارەکاندا.
سەرۆک کۆمار بە بایەخەوە باسی لە رۆڵی هێزەکانی ئیتاڵیا کرد لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر و هێزەکانی ناتۆ بۆ پاڵپشتی هێزە چەکدارەکانی عیراق و بەشداریکردنیان لە چەندنین پرۆژەی مرۆیی و خزمەتگوزاری، ھاوکات جەختیشیکردەوە لە گرنگی بەهێزکردنی هەماهەنگی سەربازی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست، بە تایبەت لە بواری پڕچەککردن و راهێنان و پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی ھێزە ئەمنییە جیاوازەکان بۆ ریشەکێشکردنی تیرۆر.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا د.بهرههم رایگەیاند کە "عیراق بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دۆستەکانی توانی بەسەر تیرۆرستانی داعش سەر بکەوێت، بەڵام جەنگ دژ بەو گروپە تیرۆرستە تا ئێستا بەردەوامە و شانە نوستوەکانی هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیری عیراق و ناوچەکە و جیهان، بۆیە گرنگە ریشەکێش بکرێت، ھەروەھا راشیگەیاند کەمتەرخەمی لە راوەدونانی تیرۆرستان و بەردەوامی قەیرانەکانی ناوچەکە دەرفەت بۆ گروپە توندرەوەکان دەرەخسێنێت کە خۆیان رێکبخەن و جارێکی دیکە پەلاماری شار و هاووڵاتیان بدەنەوە."
بەپێی مالپەڕەکە وەزیری بەرگری ئیتاڵیا سوپاس و ستایشی سەرۆک کۆماری کردوە و جەختیشیکردەوە لەسەر پابەندبوونی وڵاتەکەی لە پشتیوانیکردنی عێراق لە گشت بوارە جیاوازەکاندا، بە تایبەتی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پتەوکردنی هەماهەنگی دوو قۆڵی ئابووری و رۆشنبیری کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو گەل و وڵات پتەوتر دەکات.
PM:06:28:29/09/2020
ئهم بابهته 1576
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت