ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌ به‌رده‌ستی حكومه‌تی هه‌رێمدایه‌ بۆ مووچه‌ ئاشكرا كرا


وێستگه‌ نیوز ـ

جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، به‌پێی به‌دواداچوونیان بۆ هۆكاری دواكه‌وتنی مووچه‌، ده‌ركه‌وتووه‌ حكومەتی هەرێم 413 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی نیسان لەبەردەستەو چاوەڕێی 320 ملیار دینارەكەی بەغدایە تا بە لێبڕینی 18%ەوە مووچە دابەش بكات.


هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا رایگەیاند: "بەدواداچوونمان بۆ دواكەوتنی مووچە كردووە، حكومەتی هەرێم بڕی 413 ملیار دیناری ئامادەیە بۆ مووچە، چاوەڕێی پارەكەی بەغدا دەكات، بۆ ئەوەی بە لێبڕینی 18%، مووچەی مانگی نیسان دابەش بكات، كە كۆی مووچە بە لێبڕینی 18% ەوە دەكاتە 733 ملیار دینار لە كۆی 895 ملیار دینار.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 17ی ئابی 2020، مووچەی مانگی ئازاری ئه‌مساڵی دابەشكرد، بۆیە تا ئێستا 44 رۆژە، حكومەتی هەرێمی كوردستان مووچەی دابەش نەكردووە.

بە پێی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، حكومەتی عیراق 320 ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێرێت، بەڵام ناردنەكە سێ جارە نەك سێ مانگ، بۆیە عیراق یەك جار پارەكەی ناردووەو تا سەری ساڵ دوو جاری تر دەینێریت، بۆیە چاوەڕوانیش دەكرێت حكومەتی هەرێمی كوردستانیش تەنها دووجاری تر موچە دابەشبكات. 


PM:04:20:29/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 25752 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت