مه‌سرور بارزانی‌: هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی مستەفا کازمی


وێستگه‌ نیوز-
سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كوردستان رایگه‌یاند: "هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی سەرۆک وەزیرانی عیراق مستەفا کازیمی، لە پێناو سەقامگیرکردنی دۆخی عیراق و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستور".

ئەمڕۆ سێشەممە 29ی‌ ئه‌یلولی‌ 2020، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان پێشوازی لە وەزیری بەرگری ئیتالیا لۆرێنزۆ گویرینی کرد و لە دیداركه‌دا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت ئامادەی بوو. 

له‌ دیداره‌كه‌دا پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی ئیتالیا و هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە تاووتوێ کرا.

هاوكات وەزیری بەرگری ئیتالیا رایگه‌یاندووه‌، کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان و عیراق بە گشتی.

هیواشی‌ خواستووه‌، لە ئایندەیەکی نزیکدا درێژە بە ڕاهێنانەکانی پێشمەرگە بدەنەوە کە بە هۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بە شێوەیەکی کاتی وەستابوون.

لای‌ خۆشیه‌وه‌ مه‌سرور بارزانی‌ سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتگیریی و هاوکارییەکانی ئیتالیای کرد و وتی: "بوونی هێزەکانی ئیتالیا  و هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و عیراق بە پێویست و گرنگ دەزانین".

سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان جەختیشیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی‌، "هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی سەرۆک وەزیرانی عیراق مستەفا کازیمی، لە پێناو سەقامگیرکردنی دۆخی عیراق و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستور.


PM:01:35:29/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 1604 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت