سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق هۆشداری لەتێکچونی دۆخی ئەمنی وڵات دەدەن


وێستگەنیوز-

سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لەبەغدا کۆبوونەوە و پرسی دۆخی ئەمنی، بەئامانجگرتنی نوێنەرایەتییە دبلۆماسییەکان و هێزە بیانییەکان و پرسی هێشتنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و هەڵبژاردنی پێشوەختیان تاوتوێکرد، هەروەها هۆشداریاندا لە خراپتربوونی دۆخی ئەمنی بەهۆی بوونی ژمارەیە جوڵەی سەربازی هاوشێوەی راگەیاندنی جەنگ لەکاتێکدا عێراق جگە لە جەنگی تیرۆر لە هیچ جەنگێکی دیکەدا نیە.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەئامادەبوونی بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان و فائق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئەمڕۆ لەبەغدا سەرۆکایەتییەکانی عێراق لەبارەی دۆخی سیاسی و ئەمنی و کاردانەوە مەترسیدارەکانی پەیوەست بە دۆخی ئێستا گفتوگۆیانکردوە.

ئەوەش هاتوە، سەرۆکایەتییەکانی عێراق جەخت دەکەنەوە کە بەئامانجگرتنی بنکە مەدەنی و سەربازییەکان، بەردەوامی هەڵمەتەکانی کوشتن و رفاندنی چالاکوانان پێشێلکردنی سەروەری عێراقە  وکاریگەری لەسەر ناوبانگی وڵات دەبێت، هەروەها پێچەوانەی کارنامەی پەسەندکراوی حکومەتەکە کە خواستی ئەوەی هەیە شکۆی دەوڵەت  بپارێزێت و هەڵبژاردنی پێشوەخت بەڕێوەبەرێت.

باس لەوەشکراوە، بەردەوامی تێکچونی دۆخی ئەمنی، کاریگەری و زیان بە ئابوری عێراق دەگەیەنێت و سەرجەم ئەو قەیرانانەش قوڵتر دەکاتەوە کە بەهۆی کۆرۆنا و دابەزینی بەهای نەوتەوە سەریانهەڵداوە، بۆیە جەخت دەکەینەوە کە عێراق لەهیچ دۆخێکی جەنگدا نیە و تەنها جەنگی لەگەڵ "تیرۆردا" هەیە کە وڵاتی وێرانکردوەو ئومێدەوارن سەرجەم هێزەکان یەک دەنگ بن لە بەرەنگاربونەوەی ئەو مەترسییەدا.

سەرۆکایەتییەکانی عێراق ئەوەشیان خستوەتەڕو، عێراق لەقۆناغی جەنگدا نیە و نابێت هیچ لایەنێک هاوشێوەی قۆناغی جەنگ مامەڵە بکات، لەهەمانکاتیشدا دەستوەردان لەکاروباری ناوخۆیی وڵات لەلایەن هەر دەوڵەتێکەوە بێت رەتدەکەنەوە و هەروەها کردنی عێراق بە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێکانیش رەتدەکەینەوە، بۆیە داوا لە هێزە سیاسییەکان دەکەین پشتیوانی هەوڵەکانی حکومەت بن بۆ پاراستنی سەروەری خاکی عێراق.

بەشداربوانی کۆبوونەوەکە پشتیوانی خۆیان بۆ هێشتنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت دەربڕیوە، بۆ ئەوەی رێگربێت لە دوبارەبوونەوەی هێرشکردنە سەر نوێنەرایەتییە دبلۆماسییەکان کەبەگوێرەی بنەما نێودەوڵەتییە ئەرکی عێراقە ئەوان بپارێزێت، هەروەها پشتیوانی لەبەردەوامی هەنگاوەکانی گفتوگۆی ستراییژی لەگەڵ ئەمریکا دەکەین لەبوارەکانی ئابوری و سەربازی و ئەمنیدا، هەروەها پشتیوانی هەوڵەکانی حکومەت دەبین بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پێشوەخت.

هـ.هـ


PM:08:12:27/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 7800 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت