لەسەر ئۆکسجینەکەی نەوەی نوێ کێشە کەوتە نێو ستافی نەخۆشخانەی ڕزگاری

‌نەخۆشخانەی ڕزگاری لە شاری هەولێر

وێستگەنیوز-

پزیشکێک لەنەخۆشخانەی ڕزگاری شاری هەولێر، ئەمڕۆ شەممە، ڕایگەیاند نەدەبوو ستافی نەخۆشخانە بکەوێتە ژێر کاریگەری بڕیارکی حزبییەوەو ئەو بوتڵە ئۆکسجینانە ڕەتبکاتەوە کە لەلایەن نەوەی نوێوە نێردرابوو.

بزیشکەکە، لەبەر دۆخی هەستیاری نێو نەخۆشخانەی ڕزگاری نەیویست ناوی بڵاوبێتەوەو ڕایگەیاند، دۆخی نێو نەخۆشخانەی ڕزگاری پێویستی بە هاریکاری هەموو لایەکە، دەستپێشخەرییەکەی نەوەی نوێ دەبوو ڕێزی لێ بگیرێت نەوەکو بە بڕیارێکی "فەوقی حزبی" ڕەتبکرێتەوە.

پزیشکەکە ئاشکرایکرد، دوو بۆچون لەنێو ستافی نەخۆشخانەکە دروستبووە، بۆچونێکی پارتی دیموکراتی کوردستانە کەتەواو زاڵە و بڕیار دەدات بۆچونێکی تری کە دەڵێن ڕەتکردنەوەی ئۆکسجینەکە وەک ئەوەیە کە نەخۆشەکان بخنکێنین بۆچونێکی ترەو دژی بەحزبی کردنی کەرتی تەندروستییە.

پزیشکەکە ڕایگەیاند" دۆخی نێو نەخۆشخانەی ڕزگاری شڵەژاوە، وەرنەگرتنی ئەو بتڵە ئۆکسجینانەو ڕەتکردنەوەی بە بڕیارێکی حزبی ئەوەندەی تری شڵەژاندووەو مقۆ مقۆ و هەتاوەکو دەنگ بەرزکردنەوەش لەنێو ستافی نەخۆشخانەکە دروستبووە".

کاوە عەبدولقادر جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە لەسەر راسپاردەی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ژمارەیەکی زۆر بوتڵی ئۆکسجینیان بۆ توشبووانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی رزگاری لە شاری هەولێر دابینکردوە، بەڵام "بەبڕیارێکی حزبی" رێگریان لێکراوە کە هاوکارییە بگەیەنن بە نەخۆشخانەکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "لێرە مامەڵە بە گیانی خەڵکییەوە دەکەن و گیانی خەڵکیان بە سیاسی کردوە، ئێمە خەڵکی هەولێرین هاتوین هاوکاری خوشک و براکانمان بکەین هاوکاری نەخۆشەکان بکەین و گیانیان لە مردن بپارێزین، کەچی ئەوان گیانی نەخۆشیان بە سیاسی کردوە و بەڕاستی ئەوانە شایەنی حکومڕانی نین".

پەیوەست بەم بابەتەش رێبوار ئیسماعیل، لێپرسراوی مەڵبەندی ڕێكخستی هەولێر یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رایگەیاند، " بەئەرکی خۆمانی دەزانین هاوکاری خەڵک و هاوشارانی خۆمان بکەین ئەوە کەمترین خزمەتە کەئێمە پێشکەشی نەخۆشان و دانیشتوانی هەولێری بکەین، لەکاتی ئاگاداربوونمان لە هەبوونی کێشەی ئۆکسجین لە نەخۆشانەی ڕزگاری لەشاری هەولێر . وەک ئەرکی سەرشانمان لە مەڵبەندی3ی هەولێری (ی.ن.ک) بەرامبەر بەوشارە و نەخۆشەکانی ، ئامادەیی خۆمان پیشاندا بۆ گەیاندنی 200 بوتڵی ئۆکسجین بەشێوەی بوتڵ یان بەشێوەی ئۆکسجینی شل بۆ نەخۆشخانەی ڕزگاری".

ئەو بەرپرسەی یەکێتی روو لە دەسەڵاتی تەندروستی هەولێر و لایەنی حکومڕانی شارەکە دەکات و دەڵێت، "ئەگەر ئێوە دەتوانن کێشەکە چارەبکەن و کەموکۆڕیەکان چارەبکەن و نەخۆش لەبێ ئۆکسجینی نەمرێت ، ئێمە دەستخۆشیتان لێ دەکەین و زۆر سوپاستان دەکەین ، ئەگەر نا ئێمە بەشێکین لەو شارە و بەئەرکی خۆمانی دەزانین هاوکاری خەڵک و هاوشارانی خۆمان بکەین ئەوە کەمترین خزمەتە کەئێمە پێشکەشی نەخۆشان و دانیشتوانی هەولێری بکەین، نیگەرانین لەوەی ڕوویداوە و هیوادارین دەستی هاوکاری لەهەموو لایەک قبوڵبکرێت و هەمووان خزمەتی ئەو شارە بکەین".

دوێنێش بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر رایگەیاند، بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دوبارە باس لە نەمانی ئۆکسجین دەکەن لە لەنەخۆشخانەی رزگاری، بەڵام دڵنیایی دەدەنە هاوڵاتیانی پارێزگای هەولێر کە هیچ کێشەیەک لە نەمانی ئۆکسجین لەو نەخۆشخانەیەدا بونی نیە.

هاوکات ته‌ندورستی هه‌ولێر، ئەمڕۆ شەممە گیانله‌ده‌ستدانی كارمه‌ندێكی به‌هۆی توشبوونی به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا راگه‌یاند و له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ پرسه‌نامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌.

30 تەمموز توشبووانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی رزگاری لە شاری هەولێر كێشەی نەمانی ئۆكسجینیان بۆ دروستبوو، بەگوێرەی زانیارییەكانیش لەو رۆژەدا پێنج كەس لە شاری هەولێر بەو هۆکارە گیانیان لەدەستداوە.


PM:02:36:01/08/2020


ئه‌م بابه‌ته 10156 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو