شیعەکانی عێراق داوای پەلەکردن لە تەواوکردنی یاسای هەڵبژاردنەکان دەکەن


وێستگەنیوز-

سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی رایگەیاند، داوا لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق دەکەن پەلەبکرێت لە تەواوکردنی یاسای هەڵبژاردنەکان بەدەر لە "فشار و بە سیاسیکردنی پرۆسەکە"، بڕیاری دیاریکردنی 6ی حوزەیرانی ساڵی داهاتوش بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت بە هەنگاوێک بۆ راستکردنەوەی حکومەتداری و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی مستەفا کازمی ناودەبات.

عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی لە پەرەی فەرمی خۆی لە تویتەر باسی لەوەکردوە، دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن لەلایەن مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هەنگاوێکی گونجاوە بە ئاڕاستەی راستکردنەوەی پرۆسەی سیاسی و حکومڕانی وڵات، هەروەها ئاماژەیەکە بۆ راستگۆیی حکومەتی عێراق لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی، بۆیە داوا لە پەرلەمانی عێراقیش دەکەن لەماوەیەکی کورتدا یاسای هەڵبژاردنەکان کە تەنها یەکلاییکردنەوەی بازنەکانی هەڵبژاردنی ماوەی، تەواو بکرێت.

دوێنێ هه‌ینی مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌په‌یامێكی ڤیدیۆییدا، رۆژی 6ی حوزەیرانی ساڵی 2021ی بۆ  ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت دیاریكرد و رایگه‌یاند، ململانێی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ سه‌قامگیری عێراق ده‌كه‌ن  و ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ستگیرده‌كه‌ن كه‌ خۆپیشانده‌ران به‌ئامانج ده‌گرن و روبه‌ڕوی یاسایان ده‌كه‌نه‌وه‌.
 
پێشوتریش ئەڵماس فازڵ، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵی عێراق رایگەیاندبو، رۆژی 6ی حوزەیران وەک لیژنەی یاسایی، ئەندامانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانیان بانگهێشتکردوە و لەبارەی ئامادەکارییەکان و میکانیزمی جیاکردنەوەی دەنگەکانی پرسیارکراوە، بەگشتی لەبەرنەبونی ئامارێکی دروستی ژمارەی دانیشتوان، یەکلاییکردنەوەی بازنەکانی هەڵبژاردن کەوتوەتە نێوان ململانێی سیاسی و جوگرافی.

بە گوێرەی زانیارییەکان ململانێکان لەسەر زیاتر لە 80 قەزا و ناحیە لە سنوری پارێزگا جیاوازەکان بونی هەیە و تائێستا یەکلایینەکراوەتەوە کە چۆن دەکرێن بە بازنەی هەڵبژاردن.





PM:01:35:01/08/2020


ئه‌م بابه‌ته 1952 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت