بەغدا.. چاودێرێکی دیاری سیاسی کوژرا


وێستگەنیوز-

هیشام هاشمی، چاودێری سیاسی و ئەمنی دیاری عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ دەستڕێژی گولەی لێکرا و لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لەناوچەی زیونەی رۆژهەڵاتی بەغدا کوژرا.

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە بەغدا رایگەیاند، "ژمارەیەک چەکدار لەسەر دوو ماتۆڕسکیلەوە دەستڕێژی گولەیان لە  هیشام هاشمی، چاودێری سیاسی و ئەمنی دیاری عێراق کردوە و گولەکان سەر و سکیان بە ئامانج گرتوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، ناوبراو دوای گەیاندنی به‌نه‌خۆشخانه‌ی ئیبن نه‌فیس، به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌.

هیشام هاشمی لەدایكبووی 1973ی بەغدایە، پسپۆڕییەكەی كارگێڕی و ئابوورییە، بەڵام لە كۆتایی نەوەدەكانەوە گرنگیدانی بە گرووپ و دەستە و كۆمەڵە ئیسلامییە چەكدار و ئسوڵی و توندڕەوەكان هەیە و لە سەردەمی سەددام حسێن لەسەر گرنگیدانەكانی، بەند كراوە. 

لەدوای 2003، كاری دۆكیۆمێنتاریی كردووە لەگەڵ میدیای بیانی و ناوخۆیی سەبارەت بە داعشەوە و گەنجینەیەكی گەورەی لەو بوارەدا پێك هێناوە كە خۆی لە سێ كتێب و نزیكەی 500 وتار و توێژینەوە دەبینێتەوە. 

كتێبەكانی بریتین لە: عالم داعش، تنظيم داعش من الداخل، نبذة عن تاريخ القاعدة في العراق، دواین کاری وەك ئەندامی ئەنجوومەنی ڕاوێژكاریی عێراق كاری کردوە و ماوەیەكیش ڕاوێژكاری حكومەتی عێراق بووە بۆ كاروباری ئاسایش.


PM:10:01:06/07/2020




ئه‌م بابه‌ته 3628 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت