ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوەی باڵای پارتی و یەكێتی دەكرێت


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

دوای كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی و بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی، هەردوولا ئامادەكاری بۆ یەكەم كۆبوونەوەی نێوانیان دەكەن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی تایبەت لەیەكێتی نیشتمانی كوردستان بەوێستگە نیوز دراون، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی حیزبەكەیان لەهاوینەهەواری سەڵاحەدین لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی كۆبووەوە، ئێستا پەیوەندییەكانی ئەو دوو حیزبە لەقۆناغێكی باشدایە و ئامادەكاری بۆ سازكردنی یەكەم كۆبوونەوەی باڵایان دەكەن، ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەكرد، بارزانی لەكۆبوونەوەكەدا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، خۆشحاڵی خۆی بۆ هەڵبژاردنی ئەم سەركردایەتییە نوێیەی یەكێتی دەربڕیوە.

سەبارەت بەوەی ئەگەر لەگەڵ پارتی كۆبوونەوە، گرنگە سەرەتا باسی چ تەوەرێك بكەن، ئەو سەرچاوەیەی یەكێتی روونیكردەوە، بۆ ئەم قۆناغە باسكردنی چاكسازی و چۆنیەتی چارەسەری مووچە تەوەری سەرەكی دەبن.

دوای تەواوبوونی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی و هەڵبژاردنی سەركردایەتییەكی نوێ بۆ ئەو حیزبە لەئەمساڵدا، تائێستا كۆبوونەوەی باڵای پارتی و یەكێتی نەكراوە، هەرچەندە سێجار هەوڵی كۆبوونەوەش درا، بەڵام هەوڵەكان بێئەنجام بوون.


PM:09:17:06/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 2924 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت