پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ئیدارەدانی ناوچە جێناکۆکەکان رێککەوتن


وێستگەنیوز-

سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە ئامانجی دورخستنەوەی مەترسییەکانی تیرۆر و رێگریکردن لە تێکچونی ئاسایشی دانیشتوانی ناوچەکە، ئەمڕۆ وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق چوار ناوەندی هاوبەشیان بۆ بەڕێوەبەری ئاسایشی ناوچە جێناکۆکەکان پێکهێنا.

ئەو سەرچاوەیە بە وێستگەنیوزی راگەیاند، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە کۆبونەوەی بەردەوامدابوون بۆ دروستکردنی هەماهەنگییەکی فراوان بە ئامانجی دورخستنەوەی مەترسییەکانی تیرۆر و رێگریکردن لە زیاتر تێکچونی ئاسایشی سنورەکە، لە ئەنجامدا ئەمڕۆ یەکشەممە هەردولا گەیشتنە رێککەوتنێک بۆ پێکهێنانی چوار ژوری هەماهەنگی لەناوچە جێناکۆکەکان کە ئەوانیش دەکەونە پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە، نەینەوا و مەخمور.

پەیوەست بە شێوازیکردن کردنی ژوری هەماهەنگی هاوبەش ئەو سەرچاوەیە وتی، ئامانج لە پێکهێنانی ژوری هەماهەنگی لەهەر چوار میحورەکە بۆ زیادکردنی کاری پێکەوەیی و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەیە کە لە ئێستادا لە کەرکوک، دیالە، نەینەوا و مەخمور بونیان هەیە، بەڵام تائێستا میکانیزمی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی هاوبەش رون نیە.

پەیوەست بەم بابەتەش لیوا تەحسین خەفاجی، وتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، دوای ئەوەی هەواڵی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە بەشێک گروپە تیرۆستییەکان لە سوریاوە بۆ عێراق هاتوون، لەگەڵ هێزی پێشمەرگە (پاسەوانی هەرێم) کۆبوونەتەوە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی لەناوچە کێشە لەسەرەکان و دروستکردنی هەماهەنگی زیاتر.


PM:09:07:05/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 4596 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو