بۆ خۆپارێزی لەكۆرۆنا، پەروەردە پەیامێك ئاڕاستەی خوێندكاران دەكات


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

پەروەردەی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بۆ رۆژانی تاقیكردنەوەكان باشترە خوێندكاران دەمامك بۆ خۆپارێزی لەكۆرۆنا بەكاربێنن، ئەو مامۆستایانەشی توشی كۆرۆنا بوون بەدیلیان بۆ دادەنرێت.

بەكر محەمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی بەوێستگە نیوزی راگەیاند، بۆ تاقیكردنەوەی نیشتمانی، بەشی تەكنیكییان بەردەوام سەرقاڵی ئامادەكردنی كارەكانە لەئامادەكردنی هۆڵ و دیاریكردنی بەڕێوەبەر و جێگر و چاودێرەكان بەپێی داتابەیسێك و ئێستاش كارەكان لەكۆتاییدایە.

سەبارەت بەوەی ئەو مامۆستایانەی تووشی كۆرۆنا بوون، چۆن دەتوانن بەدیلیان بۆ دابنێن، ناوبراو روونیكردەوە "راستە حاڵەتی كۆرۆنامان هەیە، بەڵام بەهۆی دۆخەكەشەوە دەبێت تاقیكردنەوەكان بكرێن، بۆ دانانی بەدیلیش میكانیزم دۆزراوەتەوە كە دەبێت ئەو بەڕێوەبەر یان جێگر یان چاودێرە بەراپۆرتی پزیشكی بیسەلمێنێت كە تووشی كۆرۆنا بووە، لەو حاڵەتەدا بەدیلی بۆ دادەنرێت".

بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی بۆ رۆژانی تاقیكردنەوەكان پەیامێكی بۆ خوێندكاران هەیە و وتی "بۆ هۆڵەكان هەوڵمان داوە كەمتر چڕ بن، بەڵام بەپلەی سەرەكی پەنا دەبەینە بەر خۆپارێزی تاك، داواكارین لەخوێندكاران لەكۆبوونەوە دوور بكەونەوە و وەك پەروەردەش توانای دابینكردنی دەمامكی زۆرمان نییە، بۆیە ئەگەر خوێندكاران دەمامك بێنن باشترە".

بڕیارە رۆژی 11ی ئەم مانگە تاقیكردنەوەی نیشتمانی قۆناغی 12ی ئامادەیی لەسەرتاسەری كوردستان دەست پێبكات.


PM:02:33:05/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 1604 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو