عیراق، داوا لە تورکیا دەکات هێرشەکانی رابگرێت

‌بۆردومانەکانی تورکیا لە خاکی هەرێم.. فۆتۆ: گێتی

وێستگە نیوز ـ
وتەبێژی حکومەتی عیراق لە راگەیه‌ندراوێکدا داوا لە تورکیا دەکات هێرشەکانیان رابگرێت و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش دەکات هەنگاوی پێویست لەو بارەیەوە بنێن.

 
ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، وتەبێژی حکومەتی عیراق لە راگەیه‌ندراوێکدا رایگەیاند، "هێزەکانی تورکیا هێرشەکانیان بۆ سەر خاکی عیراق چەندبارە دەکەنەوە و ئێمە ئەم کارانە رەتدەکەینەوە و بڕوامان وایە زیان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو گەل دەگەیه‌نن".
 
وتەبێژی حکومەتی عێراق داوادەکات، "دەستبەجێ هێرشەکان رابگیرێن کە زیان بە ئاسایشی هەرێمایەتی دەگەیەنن و هاوکات دەستدرێژین بۆ سەر سەروەری و گیانی عیراقییەکان".
 
مەلا تەڵاڵ ئاماژە بەوە دەدات، "حکومەتی عیراق دوو نامەی فەرمیی بە زمانێکی تووند بە باڵیۆزی تورکیا داوە و جەختی کردووەتەوە کە بۆ چەسپاندنی مافی عیراق لەپێناو رەتکردنەوەی ئەو دەستدرێژییانە و وەستاندنیان پەنا بۆ چوارچێوەی یاسایی و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان دەبات".
 
وتەبێژەکەی حکومەتی عیراق جەخت لەوە دەکاتەوە، "لە هەر کارەساتێکی مرۆیی و ماددیدا تورکیا بەرپرسیارێتیی یاسایی و رەوشتی هەڵدەگرێت. ئەو دەستدرێژییانە بەزاندنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عیراق و ئاسایشی گەلەکەیەتی".
 
لە راگەیه‌ندراوەکەدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە بنێت و پشتیوانی لە مافی عيراق بۆ پارێزگاری لە خاکەکەیی و گەلەکەی بکات.


AM:09:14:05/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 1420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو