فەرماندەی هەسەدە هۆشداری لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر دەدات


وێستگەنیوز-

فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، چالاکییەکانی داعش دوای هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر شارەکانی سەرێ کانی و گرێ سپی زیاتر بووە و ئەوان لە رێگەی ژمارەیەک ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە پشتێنەیەکی ئەمنی بەدرێژایی روباری فورات دروستدەکەن.

مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە کاتی پێشوازیکردنی لە ژمارەیەک لە سەرۆک هۆزەکانی پارێزگای رەقە رایگەیاند، لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و کۆنتڕۆڵکردنی هەردو شاری سەرێ کانی و گرێ سپی، چالاکییەکانی داعش زیادیکردوە و ئەوان بۆ وەڵامدانەوەی مەترسییەکان ئۆپەراسیۆنی سەربازییان بۆ پاراستنی ناوچەکانی دانیشتوان دەستپێکردوە.

لەبارەی دۆخی گوزەرانی هاوڵاتیانی باکوری سوریاش باسی لەوەکردوە، هەرچەندە بەهۆی سەپاندنی یاسای قەیسەر بەسەر حکومەتی سوریادا لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، وایکردوە دۆخی ئابوری گەلانی سوریا بە گشتی بەرەو خراپتربوون بڕوات، بەڵام ئەوان هەوڵدەدەن لە رێگەی دروستکردنی پڕۆژەی وەبەرهێنان، هەلی کار بڕخسێنن.

ئەوە دوەمین کۆبونەوەی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)یە لەگەڵ هۆزە عەرەبییەکانی باکوری سوریا، دوای ئەوەی 22ی حوزەیران لەبارەی دۆخی ئەمنی و مەترسییەکانی داعش، لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک هۆزەکانی تەبقە کۆبووەوە.


PM:08:27:04/07/2020




ئه‌م بابه‌ته 1696 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت