داوایەكی نێچیرڤان بارزانی لە بەرهەم ساڵح ئاشكرا دەبێت


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوای لەبەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق كردووە داوا لەمستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بكات بۆ زیادكردنی ئەو پارەیەی بڕیارە لەبەغدادەوە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەسەرۆكایەتی كۆماری عێراق بەوێستگە نیوزی راگەیاند، لەسەردانی ئەم دواییەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ شاری بەغداد، داوای لەبەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق كردووە ئەو پارەیەی كە بڕیارە بەغداد دوای رێككەوتن بۆ كوردستانی رەوانە بكات و بڕەكەی 500 ملیار دینارە بۆ 700 ملیار دینار زیاد بكرێت.

ئەو سەرچاوەیە وتی "نێچیرڤان بارزانی بەبەرهەم ساڵحی راگەیاندووە، بۆ ئەو مەبەستە داوا لەمستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران بكات ئەو بڕە پارەیە زیاد بكات، چونكە پێشتریش بەرهەم ساڵح پەیوەندییەكی دۆستانەی لەگەڵ كازمی هەبووە، بەڵام لەبەرامبەردا بەرهەم ساڵح بەبارزانی وتووە، ئەوە داوایەكی قورسە، چونكە وەك چۆن كوردستان مافی لەعێراق هەیە، بەهەمانشێوە پارێزگاكانی دیكەی عێراق مافیان لەسەر عێراق هەیە". 

تائێستا چەند جارێك شاندی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆی چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد سەردانی شاری بەغدادیان كردووە، بەڵام تائێستا نەگەیشتونەتە رێككەوتنی كۆتایی.


PM:01:28:03/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 14152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو