بانکی ناوەندی عێراق بۆ دابینکردنی موچە 8 ترلیۆن دینار دەداتە وەزارەتی دارایی


وێستگەنیوز-
بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، بە بەهای 8 ترلیۆن دینار و بە گوێرەی رێنماییەکان پێشینەیەکی قەرزی خستوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی، ئەوەش هاوکاری حکومەت دەبێت لە گەرەنتیکردنی پێدانی موچەی فەرمانبەران بۆ مانگەکانی تەمموز، ئاب  و ئەیلول.

ئیحسان شەمران، بەڕێوەبەری گشتی ژمێریاری لە بانکی ناوەندی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، بانکی ناوەندی رۆڵێکی بەرچاوی دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی دارایی، لەو چوارچێوەیەشدا بە بەهای 8 ترلیۆن دینار و بە گوێرەی رێنماییەکان پێشینەیەکی قەرزی خستوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی.
 
ئاماژەی بەوەشکردوە، بە پێدانی ئەو پێشینەیە حکومەتی عێراق دەتوانێت موچەی سەرجەم فەرمانبەران بۆ مانگەکانی تەمموز، ئاب  و ئەیلول گەرەنتیبکات، هەروەها هاوکاری وەزارەتی دارایی دەکرێت بۆ ئەوەی لە ماوەی 10 ساڵدا ئەو پارەیە بداتەوە بانکی ناوەندی.

بە گوێرەی یاسای قەرزی ناوخۆ و دەرەکی کە مانگی حوزەیران پەرلەمانی عێراق پەسەندیکرد، وەزارەتی دارایی دەتوانێت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە 5 ملیار دۆلار لەدەرەوە و 15 ترلیۆن دیناریش لەناوخۆ قەرزبکات.


PM:11:05:02/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 15492 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت