وهزیری نهوتی عیراق: دەبێت کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم لەژێر سیاسەتی فیدراڵدا بەڕێوەببرێن
فۆتۆ: گێتی
وێستگه نیوز ـ
وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند، گفتوگۆیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوامە بۆ بەڕێوەبردنی کێڵگەکانی نەوت لەژێر یەک سیاسەتی نەوتیدا و دەڵێت، نابێ هەناردەکردنی رۆژانەی هەرێمی کوردستان لەوبڕەی دیاریکراوە زیاتربێت.
ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عیراق، ئهمڕۆ یەکشەممە 28ی حوزهیران رایگەیاند، پێویستە هەرێمی کوردستان پابەند بێت بە مەرج و بڕیارەکانی ئۆپێکەوە و نابێت هەناردەی رۆژانەی نەوتیی لە 370 هەزار بەرمیل زیاتربێت.
وەزیری نەوتی عیراق جەختیکردەوە لەوەی حکومەتی عیراق هەوڵی تەواوکاری دەدات لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بڕیار و سیاسەتی گشتیدا و رایگەیاند، گفتوگۆ بەردەوامە بە ئامانجی چاککردنەوەی پەیوەندی لە نێوان ناوەند و هەرێمی کوردستان.
ئیحسان عەبدولجەبار بەپێویستیی دەزانێت هەموو کێڵگەکانی نەوت لە عیراق لەژێر یەک سیاسەتی نەوتیدا بن و دەبێت سامانەکان لە چوارچێوەی سیاسەتی فیدراڵدا بەڕێوەببردرێن، ئەمانەش وەک خۆی دەڵێت، بەلەبەرچاوگرتنی مافەکانی هەرێمی کوردستانە کە لە دەستووری عیراقدا دانیان پێدانراوە.
وەزیری نەوتی عیراق دڵنیاییش دەدات کە لە بەرژەوەندی عیراقدایە بەردەوام بێ لە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت-ئۆپێک، لە پاڵ کارکردن بۆ بەرزکردنەوەی نرخەکانی سامانی نەوت. بۆیە پابەندیی وەزارەتەکەی دووپاتدەکاتەوە بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان بەپێی وادەکان بۆ مانگەکانی ئەمساڵ و دەڵێت، بەرهەمهێنان لە باشوور و ناوەڕاست زۆر کەمکراوەتەوە.
بەپێی رێککەوتنی رێکخراوی ئۆپێک و وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە دەرەوەی رێکخراوەکە، کە بە ئۆپێک پڵەس ناسراون و دواجار تا مانگی تەممووزی داهاتوو درێژکرایەوە، دەبێ عیراق رۆژانە یەک ملیۆن و 60 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی کەمبکاتەوە.
هــ. ر
AM:11:22:28/06/2020
ئهم بابهته 2072
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت