ژنه‌ توشبوه‌كه‌ی به‌ كۆرۆنا له‌ نهۆمی پێنجه‌مه‌وه‌ هه‌ڵدایه‌ خواره‌وه‌

‌وێنە..گێتی

وێستگه‌ نیوزـ

پیاوێكی میسری ژنه‌كه‌ی له‌ نهۆمی پێنجه‌مه‌وه‌ هه‌ڵدایه‌ خواره‌وه‌، به‌پێی میدیاكانی میسریش، هۆكاره‌كه‌ ده‌مه‌قاڵێی نێوان ژن و پیاوه‌كه‌ بووه‌.

پۆلیسی میسر له‌ ناوچه‌ی مه‌ته‌ریه‌ی ناوه‌ڕاستی قاهیره‌ هه‌واڵیان له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كه‌وه‌ پێگه‌یشت له‌سه‌ر گه‌یشتنی ژنێكی بریندار كه‌ رەوانەی نه‌خۆشخانه‌كه‌یان کراوە و بە پۆلیس راگەیەندراوە کە ژنەکە ئێسك و پروسكی شكاوه‌ و برینه‌كه‌ی سه‌خته‌.

پۆلیس ده‌ستی به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌ی كرد و ئه‌ویش دانی نا به‌وه‌ی كه‌ به‌هۆی كێشه‌ی خێزانیی رابردووی نێوانیان په‌یوه‌ندییه‌كانیان باش نه‌بووه‌، پیاوه‌كه‌ ده‌ڵێت "كه‌ زانیویشمه‌ توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووه‌، ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ كێشه‌كان ئاڵۆز بوون و کۆرۆناکەش وایلێکردوە هه‌ستی توڕه‌یی به‌رامبه‌ر ژنه‌كه‌ی زیاد بێت".

پیاوه‌كه‌ به‌ پۆلسی رایگه‌یاندوه‌ كه‌ له‌ دوایین ده‌مه‌بۆڵه‌ و شه‌ڕی نێوانیاندا، پاڵێكی به‌ ژنه‌كه‌یه‌وه‌ ناوه‌ و له‌ نهۆمی پێنجه‌مه‌وه‌ هه‌ڵیداوه‌ته‌ خواره‌وه‌، ژنه‌كه‌شی بێهۆش كه‌وتوه‌ و هه‌ر پیاوه‌كه‌ش خۆی بەهانایەوە چووە و بردویه‌تی بۆ نه‌خۆشخانه‌.

پۆلیسی میسر چوار رۆژ پیاوه‌كه‌ی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌ تۆمه‌تی كوشتنی ئه‌نقه‌ست ده‌ستبه‌سه‌ر كرده‌ و داواشی له‌ نه‌خۆشخانه‌ كردوه‌ راپۆرتی پزیكشیی خۆی بۆ پۆلیس ره‌وانه‌ بكات.


PM:12:39:25/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 19588 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت