زانیاری سەبارەت بە پەیکەری (بازرگانی کۆیلە) کە لەلایەن خۆپیشاندەرانی بەریتانیاوە روخێنرا

‌پەیکەری بازرگانی کۆیلە (ئێدوارد کۆڵستن) کە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە ڕووخێندرا

وێستگە نیوز- ڕەوا مەحمود- The Guardian

پەیکەری بازرگانی کۆیلە (ئێدوارد کۆڵستن) کە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە ڕووخێندرا و پاشان فڕێدرایە ناو ئاوی دەریاوە ناڕەزایی و ڕاوبۆچوونی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا لەشاری بریستۆڵی بەریتانیا.


ئەم پەیکەرە کە بەرزیەکەی پێنج مەتر و نی بوو، دەکەوتە ناوچەی کۆڵستنەوە، لەساڵی ١٨٩٥دا بۆ (ئێدوارد کۆڵستن)ی گەورە بازرگانی کۆیلە ڕەشتپێستەکان دروستکرابوو. تەنانەت ناوی ئەو گەڕەکەش هەر بەناوی کۆلستنەوە ناونراوە کە سەردەمانێک خاوەن کۆمپانیای بازرگانی بە کۆیلە بوو کە کڕین و فرۆشتنی بە گیانی سەدان و هەزاران کۆیلەی ئەفریقیەوە دەکرد.

هەرچەندە کۆلستن لەو ناوچەیەی کە پەیکەرەکەی خۆی لێیە لەساڵی ١٦٣٦ لەدایکبووە، ئەو هەرگیز لە تەمەنی گەورەییدا لەوێ نەژیاوە. هەموو کاری کڕین و فرۆشتنی کۆیلەکەی لە ناوچەکانی دەرەوەی لەندەن ئەنجامدەدا.
کۆڵستن لە خێزانێکی دەوڵەمەند هاتوەتە دنیاوە کە سەرقاڵی بازرگانی بوون لە بڕیستۆڵ. پاش تەواوکردنی خوێندن لە لەندەن، وەک بازرگانێکی گەورەی خوری و دەزووی دورمان شوێن پێی خۆی قایمکرد.

لەساڵی ١٦٨٠ پەیوەندی کردووە بە کۆمپانیای (شاهانەی ئەفریقی)ەوە کە دەستێکی باڵایان هەبوو لە بازرگانیکردن بە ڕەشتپێستەکانی ئەفریقاوە. کۆمپانیاکە پێشتر لەلایەن یەکێک لە براکانی پادشا چاڕڵزی دووهەمەوە بەڕێوە دەبرا کە دواتر لە ژێر نازناوی جەیمزی دووهەم بووە پادشای بەریتانیا. کۆمپانیاکە بازرگانی بەو ڕەشتپێستانەوە دەکرد کە لە ئەفریقاوە هاوردە دەکران، لە ێو کۆیلەکاندا ژن و منداڵیش هەبوون. گشت کۆیلەکانی ئەم کۆمپانیایە پیتەکانی (RAC) لەسەر سنگیان دەنوسرا، وەک ئاماژەیەک بۆ ناوی کۆمپانیاکە (Royal African Company).

کؤڵستن ئەندامێکی باڵادەست و کارای کۆمپانیاکە بوو کە دەستی هەبوو لە بازرگانیکردن بە هەزاران ڕەشتپێستەوە هەروەها بە کارە خێرخوازییەکانی ناسرابوو لە شاری بریستۆل بەتایبەتی دروستکردنی قوتابخانە و نەخۆشخانە، بێگومان ئەوەش بە پارەی ئەو سامانەی کە بە بازرگانیکردن بە کۆیلەوە کەڵەکەی کردبوو.

بۆیە بەهۆی ئەو ناوبانگەی کە بە کارە خێرخوازیەکانیەوە پەیدایکردبوو ئەو پەیکەرەی بۆ دروستکرا کە لەلایەن خۆپیشاندەرانی ئەو شارەوە ڕوخێندراو فڕێدرایە ناو ئاوی دەریاوە. خۆپیشاندەرەکان بەتوڕەییەوە داوای مافی جۆرج فلۆیدی ئەمریکیان دەکرد کە لەلایەن پۆلیسێکی ڕەگەزپەرستەوە کوژرا. ئەوان داوای ماف و یەکسانی دەکەن بۆ ڕەشپێستەکان و داوای نەهێشتنی دیاردەی ڕەگەزپەرستی دەکەن، هەربۆیە چاوەڕوانکراوبوو کە پەیکەری کەسایەتیەک بەو دەردە ببەن کە بەو پەڕی ڕەگەزپەرستی و بێ گوێدانە مرۆڤایەتی، بازرگانی بە گیانی هەزاران ڕەشتپێستەوە دەکرد.

کۆڵستن هێندە ناوو ناوبانگی پەیداکرد کە تانانەت بۆ ماوەیەک بووە ئەندام پەرلەمانی ئەو وڵاتە. هەروەها کەمێک ئەولا پەیکەرەکەی کە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە ڕوخێندرا، قوتابخانەیەکیش بەناوی کؤڵستنەوە هەیە. ئەمە جگە لە هۆڵێکی کۆنسێرت و تاوەرێک و تەنانەت شەقامێکیش لەو شارەدا بەناوەکانی کۆڵستنەوە هەن.

پێشتر و لەسالی ٢٠١٨دا کۆمەڵێک چالاکوان هەوڵی ئەوەیاندا کە بە فەرمی ناوی پەیکەرەکەی بگۆڕدرێت بۆ (بازرگانی کۆیلە)، بەڵام ئەو پێشنیارە لەلایەن شارەوانی بریستۆڵەوە ڕەتکرایەوە، سەرەڕای ئەوەی ناوی پەیکەرەکە لەناو خەڵکدا هەر بە (بازرگانی کۆیلە) ڕۆیشتووە.

هەفتەی ڕابردووش ڕاپرسیەک لەناو خەڵکدا بڵاوکرایەوە سەبارەت بە پەیکەرەکە تیایدا هەزاران کەس واژۆیان کۆکردوەتەوە بۆ لابردنی پەیکەرەکە.


PM:03:04:08/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 3764 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو