کازمی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ساڵی رابردو بڕیارێکی نوێی دەرکرد


وێستگەنیوز-

سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لەو روداو و گرژییانەی لە خۆپیشاندانەکانی کۆتایی ساڵی رابردو دروستبون بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی بێلایەن بۆ دەرخستنی راستییەکان.

نوسینگەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، سەرۆک وەزیران لە کۆبونەوەیدا لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسوکاری "شەهیدانی خۆپیشاندانەکان" رایگەیاند، داوایانکردوە ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون وەکو "شەهیدی نیشتیمان" هەژماربکرێن و لێکۆڵینەوەکانیش لەبارەی هۆکاری گرژییەکان لە ماوەی خۆپیشاندانەکاندا بەردەوامییان هەیە.

راشیگەیاندوە، روداوەکانی کوشتن یان رفاندن لەلایەن گروپە چەکدارییەکان جێگەی نیگەرانییە، بەڵام پێویستە بۆ دەرکەوتنی راستییەکان و بەدیهێنانی دادپەروەری چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بکەن.

سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردو، خۆپیشاندان لە بەغدا و زۆرینەی پارێزگاکانی باشوری عێرق بۆ داواکردنی هەلی کار و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان بەڕێوەچوو و تا ناوەڕاستی کانونی دوەمی ئەمساڵ بەردەوام بوو، لە ئەنجامی گرژییەکانیش لەو ماوەیەدا سەدان خۆپیشاندەر کوژران و بە هەزاران کەسی دیکەش برینداربوون.


AM:08:11:05/06/2020


ئه‌م بابه‌ته 1720 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت